دارێژەران و ھاوکارانی کردەوە تیرۆریستیەکەی ھەولێر دەستگیر کران
تیرۆریستان ئامانجیان گەیشتن بۆ ناو باڵەخانەی ئاسایش بوو، بۆیە دوو ئۆتۆمبێلیان لەبەردەم دەروازەی ئاسایشی ھەولێر تەقاندەوە و دواتر ٢ خۆکوژی تر بە چەک و پشتێنی بۆمبرێژکراو بە سوود وەرگرتن لە کەلێنی دوای تەقینەوە ھەوڵیان دا بگەنە ناو ئاسایش، بەڵام ڕووبەڕووی بەرگریی قارەمانانەی ئەفسەرانی ئاسایش بوونەوە و نەیانتوانی ئامانجەکەیان بپێکن و گشت تیرۆریستان کوژران و شکستیان ھێنا. ئەم نەبەردییەی کارمەندانی ئاسایش بە خوێنی ٧ کارمەندی قارەمان تۆمار کرا و ھەروەھا لە ئەنجامی تەقینەوەکان ٧٢ کەس لە کارمەندانی ئاسایش و پۆلیس و تەندروستی و بەرگریی شارستانی بریندار بوون. دەستکردنەوە و قارەمانیی ئەو ٧ شەھیدەی ئاسایش ھەڵوێستێکی مێژوویی و نمونەیی فیداکاری بوو و یادی ئەم خۆراگرییەیان ھەمێشە لای گەلەکەمان بە زیندووی دەمێنتەوە.
دوای ڕووداوەکە یەکسەر لێکۆڵینەوەکان لە لایەن تیمە بسپۆرەکانەوە دەستی پێکرا و بە ھاوکاریی ھاوڵاتیان و دڵسۆزانی گەلەکەمان سەرەداوی باش بەدەست ھاتن و توانرا چەند کەسێک لە دارێژەران و ھاوکارانی کردەوەکە دەستگیر بکرێن و دانیان بە تاوانەکەیان ناوە. ئەم تیرۆریستانە سەر بە دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شامن و لێکۆلینەوەکان بەردەوامن و لە ماوەیەکی نزیکدا ھاوڵاتیانی خۆشەویستمان لە وردەکاریی زیاتر و ئەنجامی کۆتایی ئاگادار دەکەینەوەوە. ھەر لێرەدا ھاوڵاتیانی ئازیزمان دڵنیا دەکەینەوە کە بە ھەموو توانایەک بەرپەرچی ناحەزان وتیرۆریستان دەدەینەوە و پشت بە خوا و بە ھاوکاری و پاڵپشتیی ئێوەی خۆشەویست، ھەرێمی کوردستان بە دورگەی ھەمیشە ئارامی پێشکەوتن و سەقامگیری دەمێنتەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان
٨/١٠/٢٠١٣
