پارێزگاری سلێمانی چەند بریارێكی گرنگ دەردەكات
ئەم بریارانەی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكدا هات كە بە ئامادەبوونی هەر یەك لە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی و گەشتوگوزار و كارەبای سلێمانی ، لە دیوانی پارێزگا بەرێوەچوو
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا باس لە گرفتی زیادەرەوی كرا لەو گوندانەی دەكەونە سنوری ماستەرپلانی سلێمانییەوەو تائیستا نەخشەكانیان تەواو نەكراوە، لەو بارەیەوە پارێزگاری سلێمانی بۆ رێگری لە زیادبوونی زیادەرەوییەكان و دانانی نەخشەیەكی گونجاو بۆ ئەو گوندانە فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەكان دا ڕێگری بكەن لە دروستكردنی خانوو و تەواوكردن و دەستكاریكردنی ئەو خانووانەی هێشتا تەواو نەبوون لەو شوێنانەدا تا نەخشەكانیان تەواو دەبێت دوای تەواو بوونی نەخشەكان شارەوانی سلێمانی مۆڵەتی دروستكردنی خانوویان دەداتێ.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی زیاتر چاودێری كردنی مەرجەكانی سەلامەتی لە بیناكاندا
لەو رووەوە لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی فەرمانی دا بەهیچ جۆرێك كارەبا نەدرێت بەو بینایانەی تازە دروست دەكرێن تا پشتراستی بوونی سەرجەم مەرجەكانی سەلامەتی و بەرگری شارستانی بەكوالێتی بەرز تیاندا نەكرێتەوە.
هەروەك لەكۆبوونەوەكەدا بریاردرا پێداچوونەوە بەسەرجەم بینا كۆنەكەكانیشدا بكرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە جێ بەجێ كردنی مەرجەكانی بەرگری شارستانی و سەلامەتی.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا راگەیاندرا كە بڕی یەك ملیارد و نیو دینار پارە تەرخانكراوە بۆ گۆڕینی هێڵەكانی كارەبای ناو بازارەكانی سلێمانی و پارێزگار فەرمانی بە بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی دا بەزووترین كات ئەو پرۆژەیە جێ بەجێ بكەن.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لە سەپاندنی مەرجەكانی تەندروستی كرا بەسەر ئەو عارەبانەو دەستگێرانەی لەسەر شەقامەكان خواردن دەفرۆشن بە تایبەتی لە شەواندا
سەبارەت بەو بابەتە پارێزگار، بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی راسپارد لە رێگەی لیژنەكانیانەوە پشكنین بۆ خواردنەكانیان بكەن و هەر كەسێك خواردنەكانی مەرجی تەندروستی تێدا نەبوو رێگە نەدەن خواردن بفرۆشێت.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا لابردنی هەندێك مەرج و كارئاسانی بۆ مۆڵەتی شوێنە گەشتیارییەكان گفتوگۆی لەبارەوە كراو بریاری پێویستی لەسەر درا.
