کورد بە یەکگرتوویی دەگەڕێتەوە بەغدا

کورد بە یەکگرتوویی دەگەڕێتەوە بەغدا
7ی تشرینی دووه‌م/ ئۆکتۆبەر(گولان میدیا)- عارف تەیفوور دووەم جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسۆنی ھاوپەیمانی کوردستانی رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆکی کوردستان بڕیاری پێکھێنانی ئەو لیژنە تایبەتە دراوە لە دوای گەڕانەوەشمان بۆ بەغدا دەستبەکار دەبێ، ھەوڵ دەدەین بە ووردی و روونی تاوتوێی ئەو رەشنووسە بکەین کە ئێستا ئامادە کراوە، کورد تێبینی خۆی لە بارەی ھەموارکردنەوەی یاساکە ھەیە، دەمانەوێ بە شێوەیەک ھەموار بکرێتەوە مافی ھیچ کەس و لایەن و بگرە دەنگدەرێکیش نەفەوتێ.

ھێمای بۆ ئەوەش کرد، کورد پێشنیازی خۆی ھەیە بۆ ئەوەی لە کاتی ھەموارکردنەوەکەدا بەرچاو بگیرێ، یەکێک لەو پێشنیازانە ئەوەیە سەرجەم عێراق یەک بازنە بێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە لەگەڵ ئەوەدان ھەر پارێزگایەک بازنەیەکی تایبەت بە خۆی بێت، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک بەوەی دەنگێکی زۆری کورد وەک ھەڵبژاردنەکانی رابردوو بفەوتێ، ئێمە رێگا نادەین مافی کورد بفەوتێ، بۆیە دوای گەڕانەوەمان بۆ بەغدا ئەو لیژنە تایبەتە دەستبەکار دەبێ و تاوتوێی پرسەکە دەکات و دواتر بە شێوەیەکی رەسمی دوا ھەلوێست و تێڕوانینی خۆمان لەبارەی رەشنووسەکە رادەگەیەنین.
Top