سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات
لە دیدارێكدا سەرەتا نوێنەری تایبەتی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و هاتنی كوردستان ڕاگەیاند و گوتی \" هەست دەكەم هاتوومەتە ماڵی خۆم\"". و هیوایشی خواست كە هەردوو لا بتوانن بە باشی لەگەڵ یەكتردا كار بكەن بۆ چارەكردنی كێشەكانی خەڵكی عێراق. نوێنەری تایبەتی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەشی ڕاگەیاند كە ئەوان ئامادەن هاوكاری عێراقییەكان بن و یارمەتییان بدەن لە بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی سیاسی و گەشەپێدان. هەرێمی كوردستانیش بناخەی تۆكمەی بۆ گەشەپێدان دروستكردووە و دەكرێ ببێتە سەرمەشقێك بۆ هەموو عێراق. سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق نیكۆڵای ملادینۆڤ داوای كرد كە سیستەمی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە شێوەیەك بێت كە بواری بەشداریی هاوسەنگی هەموو پێكهاتەكان بڕەخسێت.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان هیوای سەركەوتنی نوێنەری سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكانی لە ئەركە تازەكەی خواست و پێوەند بە باسی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هێمای بەوەدا كە لە هەڵبژاردنی 2010ـدا ڕێژەی بەشداریی كورد زۆر باش بوو بەڵام زوڵم لە هەرێمی كوردستان كراو و ناعەدالییەتێكی زۆر هەبووە لە بەدەستهێنانی كورسییەكان و گوتی:\"" پێویستە لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراقدا یەك كۆلكەی هەڵبژاردن هەبێت و ناكرێ گەلی هەرێمی كوردستان باجی كەمیی بەشداریی پێكهاتەكانی دیكە بدات لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا و ئەگەر بێتوو وەك جارەكانی پێشووتر ناعەدالەتی هەبێت لە دابەشكردنی كورسی و كۆلكەی هەڵبژاردندا ئەوە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی هەڵبژاردنی قبووڵ نەبێ و بەشداری نەكات\"". سەرۆك بارزانی نوێنەری سكرتێری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەوە ئاگادار كردەوە كە لیژنەیەكی تایبەتمەند بۆ قسەكردن لەبارەی وردەكارییەكانی یاسای هەڵبژاردنی عێراق لە لایەن لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە و ئاماژەشی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان بە پەرۆشەوە سەیری پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكات بەڵام دەبێ پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و دادپەروەری لە هەڵبژاردندا ڕەچاو بكرێن.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و كۆنگرەی نەتەوەیی كورد تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و تێیدا سەرۆك بارزانی ناوەڕۆكی پەیامی كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ شاندی میوان شی كردەوە و ڕایگەیاند كە جەوهەری پەیامی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد یەكخستنی وتاری كوردە لە ناوچەكە كە لەسەر بنەمای پەیامی دیالۆگ و ئاشتیخوازی و چارەسەری دیموكراتییانە دامەزراوە."
