كونسوڵگەری گشتی ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر یادی یەكگرتنەوەی ئەڵمانیا دەكاتەوە
لە ئاهەنگەكەدا ئەلفرێد سیمز كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی میوانان پیرۆزبایی لە گەل و حكومەتی ئەڵمانیای بە بۆنەی 23ـەمین ساڵیادی یەكگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیای رۆژهەڵات و رۆژئاوا كرد كە دوای ساڵێك لە رووخاندنی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 هات.
كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان و خانەوادەی شەهیدان كرد بە بۆنەی تەقینەوەی یەكشەمەی رابردوو دووپاتیشیكردەوە بە ئەنجامدانی ئەم ئاهەنگە پەیامێكی ئاشكرا ئاراستەی تیرۆریستان دەكرێت بەوەی ئەوان ناتوانن ئەم كۆمەڵگایە بتۆقێنن و ژیانی ئاسایی لەم هەرێمەدا بوەستێنن و دووپاتیكردەوە هەرێمی كوردستان دوای روخاندنی دیكتاتۆریەت چانسێكی باشی دایە هاوڵاتیانی كوردستان بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش تیایدا و كوردستانی بەمۆدێلێك بۆ تەواوی عیراق و سەرتاسەری ناوچەكە وەسفكرد وتیشكیشی خستەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە وێنەیەكی جوانی دیموكراسیەتی بە جیهان نیشاندا كە وەكو موعجیزەیەك لە ناوچەكەدا سەیر دەكرێت.
هەروەها ئاماژەی رۆڵی ئەڵمانیا لە یارمەتیدانی كوردستان هەر لە نەوەدەكانی سەدەی بیستەمەوە تاوەكو گەیشتن بە كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی ئەم وڵاتە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2009 كە ئەڵمانیا یەكەمین وڵات بوو كونسوڵگەری گشتی لە هەرێمی كوردستان كردەوە و یەكەمین وڵاتی یەكێتی ئەورووپا بوو خزمەتگوزاری ڤیزای لە هەرێم پێشكەشكرد ئەمە جگە لەكردنەوەی نوسینگەی بازرگانی وپەیمانگای گۆتە و خزمەتگوزاری ئەكادیمی وكردنەوەی قوتابخانەی ئەڵمانی لە كوردستان و كار و پرۆژەكانی بۆ پاراستنی كەلەپووری كوردی و پێشكەشكردنی كۆمەك بۆ پەنابەرانی سوریا لە هەرێمی كوردستان.
سیمز ئاماژەی بەوەدا كورد كە میللەتێكە تاوەكو ئێستا دەوڵەتی نیە و دابەشكراوە باش هەست بە خۆشی هاوڵاتیانی ئەڵمانیا دەكات كاتێك یادی یەكگرتنەوەی ئەڵمانیا دەكات، لە بەردەوامی وتارەكەیشیدا تیشكی خستەسەر مێژووی ئەڵمانیا لەو كاتەی كە دیواری بەرلین بۆ ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی دابەشی كردبوو.
پاشان كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ لە سەرەتای پەیڤەكەیدا بەخێرهاتنی خاتوو هایدی ئاندرێك دۆستی دێرینی گەلی كوردی كرد و بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە گەل و حكومەتی ئەڵمانیا كرد بەبۆنی یەكگرتنەوەی ئەڵمانیا و دووپاتیكردەوە هەركاتێك هەر شتێك بەزۆر بسەپێندرێت ئەوا بەردەوام نابێت و بێگومان رۆژێك هەر دێت ئیرادەی ئاشتیخوازانە بەسەریدا زاڵ بێت،و ئاماژەی بەوەدا یەكگرتنی ئەڵمانیا بووە پەیامێك بۆ هەموولایەك بەوەی ئیرادەی گەلان ناتواندرێ زەوت بكرێت و ئەگەر زوڵم وچەوسانەوە بۆ ماوەیەك ئازادی لەخەڵك زەوتبكات و بێ دەنگیان بكات بەڵام ستەمكاری هیچ كاتێك بەردەوام نابێت.
وەزیری ناوخۆی نیشانیدا كورد بەرگەی چەندین ساڵەی چەوساندنەوە و حوكمی تاكڕەوی گرت و رژێمە ستەمكارەكانی عیراق هەموو رێگا و ئامرازێكی نامرۆڤانەیان لە دژی گەلی كورد لە پێناو نكۆڵیكردن لە ویست و ئازادی گەلی كورد بەكارهێنا و هەموویان لەبەردەم ویست و خواستی گەلی كورد شكستیان هێنا و ئەمرۆ هەرێمی كوردستان بە پرۆسەیەكی كەم وێنە لە ناوچەكەدا تێدەپەڕێت و پێشكەوتنی بەردەوامی كوردستان و بە دامودەزگاییكردنی ئەم هەرێمە وایكردووە كوردستان ببێتە نموونەیەكی سەركەوتوو لە عیراق و ناوچەكەدا.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە دیموكراسیەت وایكرد بارودۆخێكی سەقامگیر و ئارام بۆ خەڵكی ئەم هەرێمە فەراهەم بكرێت ، هاوكات وەزیری ناوخۆ تیشكی خستەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دووپاتیكردەوە هێرشە تیرۆریستیەكی هەولێر دوای رۆژێك لە راگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن پەیامێكە بۆ هەموو خەڵك بەوەی كەسانێك هەن تا ئێستا ئەو پێشكەوتنەی كوردستانیان پێ خۆش نییە و دووپاتیكردەوە كردەوەی لەمجۆرە پێشكەوتنی كوردستان پەك ناخات.
وەزیری ناوخۆ ستایشی رۆڵی ئەڵمانیای لە دووبارە بونیادنانەوەی هەرێمی كوردستان كرد بە تایبەتی دوای كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی ئەم وڵاتە لە هەرێم و پابەندبوونی هەرێمی بە بەهێزكردنی ئەم پەیوەندیانە دووپاتكردەوە وجەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كوردستان هەمیشە وەكو شوێنێكی ئارام وسەقامگیر دەمێنێتەوە وەكو ماڵی ئاشتی وپێكەوەژیان
