سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیر و نوێنەرانی كورد لە حكوومەت و پارلەمانی عێراقی فیدڕاڵ كۆبۆیەوە
لەم كۆبوونەوەیە كە نوێنەری ژمارەیەك لایەنی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون ڕەشنووسی یاسای هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ و قسە لەسەر ئەو بۆچوون و پێشنیارانە كرا كە لەبارەی سیستەمی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق خراونەتەڕوو كە وا بڕیارە لە كۆتایی مانگی 4ـی ساڵی 2014 ئەنجام بدرێت.
تێكڕای لایەنە بەشداربووەكانی دانیشتنی ئەمڕۆی سەرۆك بارزانی و نوێنەرانی كورد لە بەغدا لەوەدا هاوڕا بوون كە پێویستە لەسەر مەسەلەی یاسای هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراقدا هەڵوێستێكی تۆكمە و یەكگرتوو و هەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش كۆبوونەوەكە بڕیاریدا لیژنەیەكی تایبەت بە ئەندامێتیی هەموو كوتلە كوردییەكانی پارلەمانی عێراق پێك بێت و بۆچوون و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەبارەی وردەكارییەكانی نێو ڕەشنووسی یاسای هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراقی بزانن و پاشان هەڵوێستی كۆتایی كوتلە كوردییەكان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق گەڵاڵە بكەن.
