بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێكی ژاپۆنی كرد
لە دیدارەكەدا سەرۆكی شاندی ژاپۆنی مەبەستی سەردانەكەی روونكردەوە كە هەڵسەنگاندنی رەوشی پەنابەرانی سوریایە لە هەرێمی كوردستان و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕایە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە چۆنیەتی زیاتر هاوكاری كردنی ئاوارەكان. لەم بارەیەوە گووتی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن 60 ملێۆن دۆلاری تری تەرخانكردووە بۆ كۆمەكی ئاوارەكانی سوریاو، ژاپۆن لە ریزبەندی چوارەم وڵات دێت لە یارمەتیدانی ئاوارەكانی سوریا.
بەڕێزیان دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێم كرد بۆ پشتگیری و لەخۆگرتنی ئاوارەكان و پیًَشكەش كردنی یارمەتیە سەرەتاییەكان و گووتی ئێمە پێمان وایە دەبێ هاوكاری و هەماهەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهێزتر بكرێت بۆ كۆمەك كردنی ئاوارەكان و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بایەخی خۆی هەیە بۆ ژاپۆن و هەرێمی كوردستانیش دەتوانێ رۆلی خۆی ببینێ لە سەقامگیری ناوچەكە.
لەلای خۆشیەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، ستایشی رۆڵی ژاپۆنی لە یارمەتیدانی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان و دووپاتیكردەوە كێشەی سوریا بەگشتی كاریگەری بەسەر عیراق و هەرێمی كوردستانیش هەبووە و ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان بەرەو زیادبوون دەڕوات، ئەمەش لە توانای حكومەتی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە و ئاماژەی بەوەشدا تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان درێغی نەكردووە لە هاوكاری كردنی ئاوارەكان.
بەڕێزیان نیگەرانی حكومەتی هەرێمی سەبارەت بە قەیرانی سوریا نیشاندا بە شێوەیەك تا ئێستا نەتوانراوە كۆتایی بەو قەیرانە بێت كە نزیكەی سێ ساڵە گەلانی سوریا دووچاری هاتوون و كاریگەی نەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەكە هەیە.
ئەندامی ئەنجومەنی پەرلەمانی ژاپۆن رایگەیاند ژاپۆن بڕیاریداوە بەشداری لە كۆنفڕانسی جنێف 2 بكات بە مەبەستی پشتگیری كردن لە سەقامگیری ئەو ناوچەیە، بۆ ئەم مەبەستەش داوای كرد كە حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم پشتگیری لە بەشداری كردنی ژاپۆن لەم كۆنفرانسە بكەن. هاوكات رایگەیاند كە پەیوەندیەكی مێژوویی لە نێوان هەردوو گەلی ژاپۆن و كوردستان هەیەو هیوادارین بتوانین ئەو پەیوەندیانە فراوانتر بكەین.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پشتگیری حكومەتی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی كۆنفڕانسی جنێف 2 دووپاتكردەوە، هەروا گووتی پێویستە كوردی سوریا بەشداری بكەن و نوێنەریان هەبێت بەمەبەستی گەیاندنی كێشەی گەلی كورد بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەبەرچاو گرتنی مافی گەلی كورد لەو وڵاتە.
هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا بیرو ڕایان ئاڵوگۆڕ كرد لەسەر پەرەپێدای پەیوەندیە دووقۆڵیەكان لەڕووی سیاسی و ئابووری و كەلتووری، لەم رووەوە فەلاح مستەفا دووپاتیكردەوە دەرگای حكومەتی هەرێم بۆ هەموو چالاكیەكانی حكومەتی ژاپۆن كراوەیە بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیەكان و بەرژەوەندی هاوبەش.
