شاندی حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم لە جنێف گفتگۆیان دەربارەی رەوشی سوریا و ئاوارەكانی ئەو وڵاتە كرد

شاندی حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم لە جنێف گفتگۆیان دەربارەی رەوشی سوریا و ئاوارەكانی ئەو وڵاتە كرد
لە ماوەی رۆژانی 9/30 و 2013/10/1دانیشتنی لیژنەی راپەڕاندنی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لە چوارچێوەی شاندی عێراق بە سەرۆكایەتی هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق، بەشداری كرد لە كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی وڵاتانی پێشوازیكەر لە ئاوارەكانی سوریا. جێگەی باسە ئەم كۆنفڕانسە كە لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێف ئەنجام دراو ماوەی دوو رۆژی خایاند. لە كۆتایشدا، كۆنفڕانسەكە بەلاغێكی دەركرد كە تیایدا هانی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان دەدات بۆ بەخێرایی هاوكاری كردنی ئاوارەكان لە وڵاتانی دراوسێی سوریا.

لە كۆنفڕانسەكەدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرز، كۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، وتارێكی پێشكەش كرد. تیایدا سوپاسی ئەو وڵاتانەی دراوسێی سوریا كرد بۆ پێشوازی كردن و حەواندنەوەی ئاوارەكانی ئەو وڵاتە، لە نێویشیاندا هەرێمی كوردستان كرد بۆ پێشوازی كردن لە ئاوارەكانی سوریا. ناوبراو دۆخی ئاوارەكانی سوریا و هاوكاری كردنیان وەك یارمەتیدانێكی مرۆیی سەیر كردو هاوكات جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو ئاوارانە پێویستی زۆریان بە هاوكاری نێودەوڵەتی لە چەندین رووەوە هەیە، هاوكات پێویستە كۆمەك و هاوكارییەكان بچێنە چوارچێوەی پرۆژەكانی پەرەپێدانەوە.

لای خۆیەوە هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵ لە وتەیەكدا ئاماژەی بەو گاریگەریانە كرد كە دۆخی سوریا لەسەر ناوچەكە بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی هەیەتی. هاوكات ئاماژەی بە گەورەیی ئەو رووبەڕووبەنەوانە كرد كە بەهۆی رەوشی سوریاوە دوچاری عێراق و هەرێمی كوردستان بووە، ئەوەش بەهۆی بوونی نزیكەی 240 هەزار ئاوارەی سوری لە عێراقدا كە نزێكەی 97% ئەو ئاوارانە لە هەرێمی كوردستان و پێشبینی زیابوونی رێژەكەش دەكرێت، كە ئەمەش پێویستی بە هاوكاری فراوان و هەمەلایەنەی كۆمەڵكەی نێودەڵەتی هەیە. هەر لە وتارەكەیدا وەزیری دەرەوە وێڕای خستنەڕووی ژمارەی ئەو ئاوارانە لە عێراق و هەرێم، ئاماژەی بەو رووبەڕووبوونەوە و ئاستەنگە ئابووری و تەندروستی و كۆمەڵایەتی تەناهیانە كرد كە بەهۆی ئەو دۆخەوە رووبەڕوویان بووەتەوە.

زێباری ئەوەشی خستەڕوو كە تا ئێستا حكومەتی عیراق زیاتر لە 45 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم ئاوارانە تەرخانكردووە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدانی ئەم ئاوارانە تەرخان كردووە. هاوكات ئامادەیی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و هەرێمی كوردستانیشی بۆ هاوكاری زیاتری ئاوارەكانی سوریا نیشاندا، هەروەها پاڵپشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لەم پرسەداو بەشێوەیەكی خێرا بە پێویست زانی.


هەر لە كۆنفڕانسەكەدا وەزیرانی دەرەوەی هەریەك لە وڵاتانی ئوردن و توركیا و نوێنەرانی حكومەتەكانی لوبنان و میسریش بەشداربوون و وتاریان خوێندەوە. ئەو وڵاتانە لە وتارەكانیاندا جەختیان لە یارمەتی دانی زیاتری ئاوارەكانی سوریا لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردەوە، هاوكات پێویستی چارەسەری سیاسیانەی رەوشی سوریایان بە گرینگ زانی. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەكانیان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی جنێف 2 بەرز نرخاند و بە هەنگاوێكی گرنگیان بۆ چارەسەری سیاسیانەی دۆخی سوریا وەسف كرد.

لەلایەكی دیكەوە زۆرێك لە وڵاتانی كۆمەك بەخش كە لە كۆنفڕانسەكەدا بەشداربوون، ئامادەیی وڵاتەكانیان بۆ هاوكاری كردنی ئەو ئاوارانە وەك یارمەتیدانێكی مرۆیی دەربڕی و هەروەها پشتیوانی و هاوكاری كردنی ئەو وڵاتانەی كە ئاوارەكانیان لەخۆ گرتووە بە پێویست زانی.

جێگەی باسە ئەو كۆنفڕانسە دوو رۆژیەدا كە ئامانج لێی بەدەستهێنانی هەماهەنگی و پشتیوانی بوو بۆ وڵاتانی پێشوازیكەر لە ئاوارەكانی سوریا، بەلاغێكی كۆتایی دەركرد و تیایدا سوپاسی ئەو وڵاتانەی كرد كە ئاوارەكانی سوریایان لەخۆ گرتووە، هاوكات چارەسەری سیاسیانەی دۆخی سوریایان بە گرینگ لە قەڵەم داو بۆ ئەم مەبەستەش دەستخۆشیان لەو هەڵانە كرد كە بۆ ئەنجامدانی گۆنگرەی جنێف 2 نراون. هەروەها سوپاسی ئەو وڵاتە كۆمەك بەخشانەشیان كرد كە بڕیاریان داوە هاوكاری ئاوارەكان بكەن، لە هەمان كاتیشدا داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كرد كە بەزوویی هاوكاری دارایی و مرۆیی ئەو ئاوارانە بكەن، چونكە ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان لە زۆر رووەوە كاریگەریان لەسەر ژێرخانی ئەو وڵاتانەی پێشوازیان كردوون هەیە.
Top