سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری پیشەسازیی و بازرگانیی دەرەكیی كۆماری مسر دەكات
لە دیدارێكدا سەرەتا وەزیری پیشەسازیی و بازرگانیی دەرەكیی كۆماری مسر خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و هاوخەمیی خۆی و وڵاتەكەی و سەرۆك كۆمار و سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان نیشاندا بەهۆی ئەو كردەوە تیرۆریستییەی كە ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو هەولێری پایتەختی كردبوو ئامانج و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەم ڕووداوە كرد و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا لەگەڵ گەلی كوردستان دەبێت. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا مونیر فەخری عەبدولنوور باسی پەیوەندیی لەمێژینەی هەردوو گەلی كوردستان و مسری كرد و ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشاندا كە پەرە بەو پەیوەندییانە بدرێت كە لەنێوان هەردوو لادا هەیە بە تایبەت لە بواری ئابووری و پیشەسازی و بیناسازیدا.
لای خۆیەوە وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سوپاسی هاوسۆزیی گەل و حكوومەتی مسری كرد و سەبارەت بە كردەوە تیرۆریستییەكەی چەند ڕۆی ڕابردوو لە شاری هەولێر سەرۆك بارزانی گوتی: \" تیرۆر دیاردەیەكی جیهانییە و ئیرادەیەكی دەولی پێویستە بۆ ڕووبوڕووبوونەوەی تیرۆریستان. ماوەیەكی زۆرە بەنیازن كە ئاساییشی هەرێمی كوردستان تێك بدەن بەڵام لە هەوڵەكانیان سەركەوتوو نەبووەن. تیرۆریستان هیچ كاتێك ناتوانن هەرێمی كوردستان بكەنە بنكەیەك بۆ چالاكییەكانیان چونكە نە گەلی كوردستان و نە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگەیان پێنادەن بەو ئامانجەیان بگەن\"". لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەر هەنگاوێك كرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی مسر.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوون و تێیدا وەزیری پیشەسازیی و بازرگانیی دەرەكیی كۆماری مسر پیرۆزبایی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی كوردستانی كرد و بە هەنگاوێكی مەزنی لە قەڵەمدا لە ئاڕاستەی بەهێزبوونی دەوڵەتی مەدەنی و دیموكراسی لە ناوچەكەدا."
