ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
٣٠ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- دوای ماوەیەکی زۆر لە بەدوور ڕاگرتنی دەستی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، دوێنی گروپێکی تیرۆریستی توانیان کەلێنێک بدۆزنەوە و کردەوەیەکی تیرۆریستی لە پایتەختی هەرێم ئەنجام بدەن. تیرۆر دیاردەیەکی جیهانییە و لە هێچ وڵاتێکدا رێژەی مەترسیی تیرۆر نەگەیشتووەتە خالی سفر. هەڕیمی کوردستانێش کە نموونەیەکی سەرکەوتووی سیاسی و دیموکراسی و ئابووریی دەڤەرەکەیە هەمیشە ئامانجی ناحەزانی بووە.

بە داخ و پەژارەوەین بۆ شەهید بوونی پۆلێک لە کارمەند و ئەفسەرانی قارەمانی ئاسایش. ئەم قارەمانانە بە دەستکردنەوە و گیان بەختکردنیان توانیان هەر زوو تیرۆریستان لە ناو ببەن و رێگه‌ له‌ که‌وتنه‌وه‌ی زیانی زیاتر بگرن‌. سەرەخۆشیمان لە کەسوکاری ئازیزی شەهیدانمان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتریش بۆ بریندارەکانی ئاسایش و پۆلیس و بەرگریی شارستانی و هاولاتیان دەخوازین.

هەرێمی کوردستان دوورگەیەکی ئارامە لە ناوچەیەکدا کە دەریایەک لە تیرۆر و خوێنڕشتنی رۆژانه‌ی تێدایە، بێگومان لەم ساڵانەدا هەوڵی زۆر دراوە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم، بەڵام بە هاوکاریی هاولاتیان و کۆشش و گیانبەختکردنی براکانمان لە دامودەزگاکانی ئاسایش و هەوالگری و هێزەکانی پۆلیس و پێشمەرگە و ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی تر، توانراوە مەترسییەکان لە هەرێم دوور بخرێنەوە.

ئێستاش پشت بە خوا و بە هاوکاریی هاوڵاتیان و دامودەزگا پەیوەندارەکانمان بەردەوام دەبین لە بنبڕکردنی هەموو سەرچاوەکانی مەترسیی بۆ سەر هەرێم لە هەر شوێن و لایەنەکەوە بن. ئەم کردارانە کار ناکاتە سەر رەوشی سەقامگیریی هەرێم و بەڵکو هانمان دەدات تا کو بە ورەیەکی پۆڵایینەوە ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە و ته‌نانه‌ت لە ناو مۆڵگەکانیان ئۆقرەیان لێ ببڕێن.

ئاسوودەیی و سەقامگیریی بەردەوامی هەرێم لەم چەند ساڵەدا سەرنجی هاولاتیانی بۆ لایەنی ئەمنی و گرینگیدان بە هوشیاریی بواری ئاسایش کەم کردبوویەوە، بۆیە لێرەدا داوامان بۆ هاولاتیانی خۆشەویست دووبارە دەکەینەوە کە وریاترو چاوکراوەتر بن و دامودەزگا ئەمنییەکان لە هەر جموجۆلێکی گوماناوی ئاگادار بکەنەوە. هاوکاریتان بۆ دامۆدەزگا ئەمنییەکانی خۆتان و وریایی و چاوکراوەییتان گەورەترین فاکتەرە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم. بەهاوکاری ئێوەی خۆشەویست پلان و رێکاری نوێمان دەبێت بۆ پڕکردنی ئەو کەلێنانەی کە ناحەزان کەلکیان لێ وەرگرتووە و پلاندارێژەرانی ئەم کردارەش بە سزای یاسایی خۆیان دەگەیەنین.

هەرێمی کوردستان پشت بەخوای گەورە و توانای لەبننەهاتووی گەل، سەقامگیرتر لە جاران بەرەوە پێشکەوتن وسەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت و ئەم هەوڵە نەزۆکانە کار لە ڕەوڕەوەی خێرای پیشکەتنی هەرێم ناکات.



ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان

30/9/2013
Top