تایلاند بە نیازە كونسوڵی فەخری لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكات

تایلاند بە نیازە كونسوڵی فەخری لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكات
٣٠ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- ئەمڕۆ سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە پریا كێمپۆن باڵیۆزی تایلەندی نا نیشتەجێ لە عیراق كە لە عەمانەوە كارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات بەیاوەری شاندێكی باڵیۆزخانە كە یەكەمجارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

لە دیدارەكەدا باڵیۆز كێمپۆن سەرەخۆشی لە خەڵكی هەولێر و تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد بەبۆنەی ئەو كردە تیرۆریستیەی دوێنێ چەند كەسێكی شەهید و بریندار كرد و هیوای خواست كارەساتی لەم جۆرە جارێكی دیكە دووبارە نەبنەوە و متمانەی خۆیشی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگا ئەمنیەكانی لەبارەی پاراستنی ئاسایشی هەرێم دووپاتكردەوە.

باڵیۆز كێمپۆن سەرسامی خۆی بە پێشكەوتنی كوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا حكومەتی وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی باڵا پەرەپێبدات بەتایبەتی لەڕووی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنانەوە و ئاماژەی بەوەشدا ئەوان دەیانەوێ برنجی تایلەندی بە كواڵیتی بەرزەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان بكەن.

هاوكات نیشانیدا كار بۆ ئەوە دەكرێت بەم زوانە شاندێكی بازرگانی تایلەندی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی بواری بازرگانی و وەبەرهێنان چەندین كۆبوونەوە ئەنجامبدەن.

لەلای خۆشیەوە خاتوو سوهام بەناوی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت وێڕای بەخێرهێنانی میوان دووپاتیكردەوە هەرێمی كوردستان سیاسەتی بازاڕی ئازاد جێبەجێ دەكات و ئامادەیی حكومەتی هەرێمی بۆ هەر ئاسانكاریەك نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەردوولا و بۆ ئەوەی تایلاندیش سوود لە دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان وەربگرن بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەرێم.
Top