مەسرور بارزانی: تیرۆریستان نەیانتوانی ئامانجەکانی خۆیان بپێکن

مەسرور بارزانی: تیرۆریستان نەیانتوانی ئامانجەکانی خۆیان بپێکن
٣٠ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- مەسرور بارزانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پەژارەیی و ماتەمینی خۆی دەربڕی بۆ رووداوەکەی دوێنێی ھەولێر و رایگەیاند کە دوێنێ تیرۆریستان دەرفەتیان وەرگرت تاکو دەستی تیرۆر بگەیەننە ھەولێر و ئاسایشی ھەولێر بکەنە ئامانج.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی بەڕێژ راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستانە:

بە پەژارەوە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی ئەو شەھیدە قارەمانانە دەکەم کە لە کردەوە تیرۆریستییەکەی دوێنی لە پێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان گیانی خۆیان بەخت کرد ، لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە گیانیان بە بەھشتی بەرین شاد بکات و ھەروەھا ھیوای سەڵامەتی و چاک بوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.
دوای شەش ساڵ لە ھەوڵی نەزۆکی تیرۆریستان بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان، دوێنێ دەرفەتێکیان وەرگرت تاکو دەستی تیرۆر بگەیەننەوە شاری خوشەویستی ھەولێر و ئاسایشی ھەولێر بکەنە ئامانج. ھەرچەندە نەیانتوانی ئامانجەکانی خۆیان بپێکن بەڵام بەداخەوە چەندین رۆڵەی ئازیزی خۆمان لە دەست دا و ئەمەش وامان لێ دەکات کە بە گڕوتینەکی زیاتر ڕووبەڕووی تیرۆر و تیرۆریستان ببینەوە. ھەر چەندە گۆڕانکاری بەسەر شێوازی ئیدارەکردنی ئاسایشدا ھاتووە، بەڵام خەڵکی خوشەویستی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم زیاتر لە جاران پشتیوانی و ھاوکار دەبین بۆ ئاسایشی گشتی و ھەموو دام و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و بەھیچ شێوەیەک ئەم کردەووە قیزەوەنانە ناتوانن رێگربن لەسەر بەردەوام بوونمان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و سەڵامەتیی ھاوڵاتیانی خۆشەویست.
پێویستە لەبیرتان نەچێت کە ئێمە لە ناوچەیەکی پر لە گرژی و تیرۆر و بارودۆخێکی تەماویدا دەژین، ھەرچەندە رۆژانە دەیان کردەوەی تیرۆریستی لە دەورووبەری ئێمە ڕوودەدات، بەڵام بە ھەوڵ و ماندوبوونی خوشک و برا خۆشەویستەکانمان و ھەموو دام و دەزگاکانی پەیوەندیدار، کوردستان لە ھەموو شوێنێک سەقامگیرترە و بەراورد ناکرێت لەگەڵ شوێنەکانی تر لە عێراق و ناوچەکەدا.
ھیوادارم خەڵکی خۆراگر و چاونەترسی کوردستان وێرای وریایی و ئاگاداری لە مەترسی راستەقینەی تیرۆر، بەردەوام بن لە پشتگیری و ھاوکاری خوشک و برا و کورو کچەکانیان لە دەزگاکانی ئاسایش و ئەمنی و پۆلیس و ھەواڵگری و پێشمەرگە بۆ سەرکەوتنیان بەسەر پیلانە چەپەلەکانی دوژمنان و سەرکەوتنی گەلەکەمان لەو بارودۆخە و ھەنگاونان بەرەو پێشکەوتن و ئارامی زیاتر بۆ وڵاتەکەمان.
Top