راگەیەنراوی ئاسایشی هەرێم لەبارەی چۆنێتی روودانی تەقینەوەكانی ئەمڕۆ

 راگەیەنراوی ئاسایشی هەرێم لەبارەی چۆنێتی روودانی تەقینەوەكانی ئەمڕۆ
كاتژمێر 1:24 دوا نیوەرۆی ئەمڕۆ 29-9-2013 ‌، پەلامارێكی تیرۆریستی كرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هه‌رێم. لەسەرەتادا ئۆتۆمبێلێكی جۆری مینی پاسێك خۆكوژێكی تێدابووە ویستوویەتی بچێتە ناو بارەگای ئاسایش و لەوكاتەدا لەلایەن پاسەوانانی ئاسایش تەقەی لیدەكرێت و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەكە لەبەردەرگای سەرەكی دەتەقێتەوە و لەوكاتەدا 4 خۆكوژ بە چەك و رومانەوە هەول دەدەن بچنە ناو بارەگای ئاسایش هەولێر.
هەرچوار تیرۆریستە خۆكوژەكە لە لایەن پاسەوان و كارمەندانی ئاسایشەوە دەكوژرێن، لەدوای چەند خولەكێك تیرۆریستێك بە ئامبولانسێك لە بارەگای ئاسایش نزیك دەبێتەوە و دوای ئەوەی رادەگیرێت خۆی دەتەقێنێتەوە.

لە ئەنجامی ئەم كردارەدا 6 تیرۆریست كوژراون و بەداخەوە لە كاتی بەرگریكردنی قارەمانانەی كارمەندانی ئاسایشدا 6 كارمەندی ئاسایش شەهیدبوون و (42) كەس لە كارمەندی ئاسایش و پۆلیس و بەرگری شارستانی برینداربوون.

لەكاتێكدا سەرەخۆشیمان لە خانەوادەی شەهیدان دەكەین و ئاواتی هەرچی زووتر چاكبوونەوەی بریندارەكان دەخوازین؛ خەلكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەم جۆرە هێرشانە لەرووبە رووبوونەوەی تیرۆریستان رژدتر و توندوتۆلترمان دەكەن.

ئەم هێرشە لەكاتێكدا ئەنجامدرا كە هەرێمی كوردستان لەتاقیكردنەوەیەكی مەزنی دیموكراسیدا سەركەوت و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە ناحەزانی كوردستان چاویان بەم سەركەوتنانەی هەرێم هەڵنایەت.

دوای 6 ساڵ ئەمەیان یەكەم كرداری لەمجۆرەیە لە هەرێم ئەنجامدەدرێت ، بەڵام بێگومان لەمیانەی ئەم 6 ساڵەدا چەندین جارە هەوڵی لەمجۆرەیان هەبووە كە بە وریایی هێزەكانی ئاسایش پوچەلكراون.

پێویستە لەبیرمان بێت كە هەرێمی كوردستان لەناوچەیەكی ئالۆزدایە و هەوڵی ناحەزان و مەترسیی تیرۆریستان بۆ تێكدانی سەقامگیریی كوردستان كۆتایی پێنەهاتووە، بۆیە داوا لەهاولاتیانی خۆشەویست دەكەین كە یارمەتیدەر و پشتیوانمانبن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەرو مالیان.

داواتان لێدەكەین كە بنكەكانی ئاسایش لەهەر دیاردەیەكی نامۆ و گوماناوی بەزووترین كات ئاگادار بكەنەوە. هاوكارییتان گەورەترین فاكتەرە بۆ پوچەڵكردنی نیازی گڵاوی تیرۆریستان.

تیرۆریستان شیواز و پیلانی نوێ بەكاردێنن بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانیان بەڵام دڵنیاتان دەكەینەوە كە بەهاوكاریی هاوڵاتیان هەموو تواناكانمان دەخەینەگەڕ بۆ قەلاچۆكردنی هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی هەرێم لەهەرشوێنەكەوەبێت.

لەكۆتاییدا داوا لەهاولاتیانمان دەكەینەوە كە پابەندبن بەرێنماییەكانی ئاسایشەوە و هاوكارمان بن چونكە هاوكاریتان گەورەترین فاكتەری یارمەتیدەری پاراستن و بەردەوامیی سەرمایەی بەنرخی ئاسایشی وڵاتمانە.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان 29/9/2013
Top