پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی تەواوبوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە
ھەڤاڵان ، پێشمەرگە قارەمانەکان ،
خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان ،
گشت ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزانی پارتی و رێبازی بارزانی
بە بۆنەی کۆتایھاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی پارتییەکەی خۆتان، پارتی دیموکراتی کوردستان، بەناوی خۆمان و سەرکردایەتی پارتیمانەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و چەپکە گوڵی ئەم سەرکەوتنە پڕ لە شانازییە لە بەرۆکی ئێوە دەدەین و لە رێی ئێوەشەوە سوپاسی ھەموو ئەو دڵسۆزانەی پارتی و رێبازی بارزانی دەکەین کە لە ماوەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا و لە رۆژی دەنگداندا، بە تین و تاوی پارتایەتیەوە بەشدارییەکی بێ وێنەتان لە پرۆسەکەدا کرد و نموونەیەکی پێشکەوتووی دیموکراسی و شارستانیتان پێشکەش کرد و رووی جوانی ئەزموونەکەی کوردستانتان بۆ ھەموو جیھان درەوشانەوە.
ھەر لەم رۆژە مێژووییەدا، کە بە یەکێک لە رۆژانی وەرچەخان لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و کاروانی بونیاتنانی کوردستانێکی ئازاد و گەشاوەدا ئەژمار دەکرێ، لە ناخی دڵمانەوە سوپاسی گەلی کوردستان دەکەین و پیرۆزبایی گەرمی لێ دەکەین.
سەرکەوتنی پرۆسەکە بە گشتی و سەرکەوتنی پارتیمان بە تایبەتی بە نیشانەیەکی درەوشاوەی سەرکەوتنی خەباتی پڕ قوربانی گەلەکەمان، بە کورد و تورکمان و کلدان سریان ئاشووری و ھەموو ئایین و ئایینزاکانی، لە پێناوی ئازادی و دیموکراسی و پێشکەوتندا دەزانین و، تەرخانی دەکەین بۆ خزمەتکردنی زیاتر و گەیشتن بە خەون و ئاواتە رەواکانی میللەتەکەمان.
لە رۆژی ٢١ /٩ دا گەلەکەمان چووە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئازادانە دەنگی بە خەباتی رزگاری و دوێنێی قوربانیدان و ئەمڕۆی ئاوەدانی و ئارامی و پێشکەوتن و ئایندەی گەشاوەتر و ھەموو ئەو دەستکەوتانە دا، کە گەلی کوردستانیان خستۆتە سەر نەخشەی درەوشانەوە لە ناوچەکە و جیھاندا، بۆیە ئێمە بەم سەرکەوتنەمان خۆمان بە قەرزاری گەلەکەمان دەزانین و لە رێی کارکردن بۆ ھەرچی زیاتر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و رەخساندنی دەرفەتەکانی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و فراوانکردنی مەوداکانی ئازادی و بەشداری لە بڕیاری سیاسیدا، کاردەکەین بۆ دانەوەی ئەو قەرزە و بەڵین بە یەکەیەکەی رۆڵەکەکانی گەلەکەمان دەدەین کە درێغی نەکەین لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی ئێوە متمانەتان پێبەخشیوە.
پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە ھەرێمی کوردستان، بەرایی قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی سیاسی و پەرلەمانی و حوکمڕانی و کاری پێکەوەیی بۆ ئازادی و گەشەپێدانی کوردستان و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرزکردنەوەی دروشمی ( پێکەوە بەرەو کوردستانێکی گەشتر) دا بەرجەستەی کردو کردییە پەرچەمی ھەڵمەتی خۆی و دەرەنجام متمانەی زوربەی خەڵکی کوردستانی بە دەستھێنا و سەرکەوتنێکی تۆمار کرد کە شایستەی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان و پارتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و ھەموو لاوان و ئافرەتان و کرێکاران و جووتیاران و چین و توێژەکانی کوردستانە کە لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستاندا بە کۆششی بیر و بازوو بەشدارن.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی گەرم لە جەنابی سەرۆک بارزانی دەکات کە لەم قۆناغە ھەستیارەدا رابەرایەتی ئەزموون و پرۆسەی بونیاتنانی وڵات و کۆڵەگەکانی دیموکراسی و پێشکەوتنی دۆزی کوردەواری کردووە، سەرکەوتنی لیستەکەی بە سەرکەوتنی گەلی کوردستان و گشت ھێزە سیاسییەکان و دیموکراسی و گەشەپێدان و ئارامی و پێکەوەژیان ئەژمار دەکات و لە رێی کار کردن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی بنکە فراوان کە لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی نیشتمانی کار بکات بۆ کوردستانێکی گەشتر و ئازاد، ئەم سەرکەوتنە دەخاتە خزمەتی ھەموو ھاوڵاتیانەوەو ئەو بناغەیەشی پێ پتەوتر دەکات کە باڵەخانەی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی رەوای کورد لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستانی لەسەر ھەڵدەچنرێ.
بژی کورد ، بژی کوردستان
بژی ئاوەدانی و ئازادی
سەرکەوتن بۆ پێکەوەژیان و دیموکراسییە لە سایەی کوردستانێکی گەشتردا
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
