ڕوونکردنەوەیەک لە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە دوو ھەواڵی ھەڵبەستراو لە سایتی شارپرێس
ھەواڵی یەکەم لەسەرزاری ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی کە گوایە نەیویستووە ناوی بھێنرێت، لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی ھەرێمەوەیە.
بەپێویستی دەزانین بۆ ھەموولایەکی ڕوون بکەینەوە کە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی لەو جۆرە کەسانە نین لە لێدوانەکاندا ناوی خۆیان بشارنەوە. ھەروەھا لای ھەمووانیش ئاشکرایە کە پارتی سەرچاوەی بێ ناوی نییە و ئەگەر ھەڵوێستێکی فەرمی ھەبێت لەلایەن وتەبێژی مەکتەبی سیاسییەوە ڕادەگەیەندرێت.
ئەوەی پەیوەندییشی بە پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی ھەرێمەوە ھەبێت ھەموومان پابەندی فەرمانی سەرۆک بارزانی دەبین و تا ئەنجامە فەرمییەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە ڕانەگەیەندرێت و ئەم پرسە لەلایەن مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتییەوە تاوتۆ نەکرێت و بڕیاری لە بارەوە وەرنەگیرێ، ھیچ ھەڵوێستێک لەوبارەیەوە ڕاناگەیەنرێت.
ھەواڵی دووەمیش لەسەر زاری سەرچاوەیەکە لە مەکتەبی راگەیاندنی پارتییەوەیە کە ئەویش نەیویستووە ناوی بھێنرێ. ھەواڵەکەیش لەبارەی خاتوونێکە لە خاتوونە بەڕێزەکانی کاندیدکراو لە لیستی ١١٠ی پارتی.
وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو ھەواڵە بە ئامار و پێشبینییەکانی ناوییەوە دوورن لە راستییەوە، ھەروەھا ئۆرگانێک لە پارتیدا نییە ناوی (مەکتەبی راگەیاندن) بێ و ھیچ سەرچاوەیەکی شارەوەیشی نییە تا بێ ناو زانیاری بدات بە سایتێکی دروستکراوی وەکوو شار پرێس.
بۆ جاری چەندەمین دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە میدیاکان پابەندی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی بن و چیدی بەناوی سەرچاوەی بێ ناو ھەواڵی ھەڵبەستراوی چەواشەکارانە بڵاو نەکەنەوە و کارێک نەکەن کە ببێتە ھۆی دڵەڕاوکێی ھاووڵاتیان.
دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٦/٩/٢٠١٣
