پەرلەمانی ئەوروپا داوای هاریکاری بەپەلەی ئاوارەکانی رۆژئاوا دەکات

پەرلەمانی ئەوروپا داوای هاریکاری بەپەلەی ئاوارەکانی رۆژئاوا دەکات
26ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- رۆژی سێشەممە 25/9/2013، پەرلەمانتاری ئەوروپی ستروان ستیڤنسن کە سەرۆکی لیژنەی تایبەتی پەڕلەمانی ئەوروپایە بۆ پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق، نامەیەکی فەرمی سەبارەت بە رەوشی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان ئاراستەی خاتوو کاترین ئاشتۆن بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کرد. لە نامەکەیەدا پەرلەمانتار ستیڤنسن بە ناوی پەرلەمانی ئەوروپاوە باس لە کۆچی بەکۆمەڵی ئاوارە سورییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئێسته‌ ژمارەیان دەگاتە 220 هەزار کەس.

هەر لەو نامەیەدا ستروان ستیڤنسن ستایشی هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت کە ئەو بڕە هاوکارییەی کە تا ئێسته‌ لە لایەن حکوومەتی بەغدا و لایەنە نێو دەوڵەتییەکانەوە گەیەنراوەتە ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان زۆر کەمە و ئاماژە بەوە دەکات کە لە گەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا، مەترسی کارەساتی مرۆیی پەردەسێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش ستروان ستیڤنسن بە ناوی پەرلەمانی ئەوروپاوە داوا لە گەورە بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا دەکات، چیدی زووە کار بکەن بۆ بەدەنگەوە هاتنی ئەو ئاوارانە. لە کۆتایی نامەکەیدا ستروان ستیڤنسن رایدەگەیەنێت کە لە مانگی یازدەی ئەمساڵدا شاندێکی فەرمی پەرلەمانی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و یەکێک له‌ ئامانجە سەرەکییەکانیان لەو سەردانە بریتییە لە لێکوڵینەوە لە رەوشی کەمپی ئاوارەکانی سوریا لە هەرێمی کوردستان.

لە لێدوانێکدا دلاوەر ئاژگەیی سەرۆکی دەستەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ kdp.info رایگەیاند: کە نامەکەی ستیڤنسن دوابەدوای ئەو کۆبوونەوانە دێت، کە ئەوان لە هەفتەی رابردوودا لە بەرپرسانی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و کۆبوونەوە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە گه‌ڵ هەریەک لە ئیلمار برۆک سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا و ستروان ستیڤنسن سەرۆکی لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق ئەنجامیان دا و تێیدا بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوایان کردووە کە یەکێتی ئەوروپا بە جیدیتر بڕوانێتە ئەو پرسە و داواکاری هاریکاری بە پەلەی یەکێتی ئەوروپامان بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوا کردووە. لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا دلاوەر ئاژگەیی رایگەیاند کە بە فەرمی بانگهێشتی پەرلەمانی ئەوروپایان کردووە بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بن و پەرلەمانی ئەوروپاش ئەو داوایەی قبووڵکردوە
Top