له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه یه‌كێتی زانایان په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ی میهره‌بان
جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویستی كوردستان
وه‌ك دیاره 21/9/2013 رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه، كه پرۆسه‌یه‌كی گرنگ‌و هه‌ستیاره‌و ماوه‌یه‌كی باشه هه‌مووان چاوهڕوانینو هه‌موو لایه‌نه‌كان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه وه‌كو یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان گرنگه، ئه‌وه‌یه كه پرۆسه‌كه له كه‌شێكی ئارام‌و بهسهركهوتووییو له قازانجی كورد‌و كوردستانه‌وه بێت، چونكه سه‌ركه‌وتنی كۆی پرۆسه‌كه هێمایه‌كی گرنگه له‌سه‌ركه‌وتنی كوردستان، كه ئه‌مه‌ش وێنایه‌كی جوان بۆ ده‌ره‌وه‌و ناوه پیشان ده‌دات.
بۆیه له‌و سۆنگه‌وه كه هه‌ڵبژاردن ئه‌ركێكی ئایینی‌و نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌ییه، داوا له جه‌ماوه‌رو خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كوردستان ده‌كه‌ین، كه به‌وپه‌ڕی هه‌ست كردن به بهرپرسیارێتیو بهجۆشو خڕۆشه‌وه روو بكه‌نه سندوقه‌كانی دهنگدانو به‌ژداربن له‌و پرسه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ژداری نه‌كردن له ده‌نگدان، خۆدزینه‌وه‌یه له ئه‌ركه ئایینی‌و نیشتمانیه‌كان، بۆیه ده‌بێ هیچ پاڵنهڕو هۆكارێك ساردمان نه‌كاته‌وه له‌و هه‌نگاوه.
هه‌روه‌ك ده‌خوازین ئه‌و پرۆسه‌یه له كه‌شێكی پڕ له ئارامی‌و هێمنیه‌وه به‌ڕێوه بچێت‌و هه‌مووان رێز له یه‌كتر بگرن‌و سوكایه‌تی به هیچ كهسو لایه‌نێك نه‌كه‌ن‌و پاراستنی ئارامی‌و ئاسایشی كوردستان به ئه‌ركی خۆمان بزانین، هه‌روه‌ك ده‌خوازین هه‌موو لایه‌ك پێداگیری بكه‌ن، كه‌به‌هیچ جۆر‌و شێوه‌یه‌ك پشێوی‌و كاری نه‌خوازراو دروست نه‌بێت، چونكه ده‌نگدان پرۆسه‌یه‌كی كاتیه، به‌ڵام ئهمنو ئارامی خه‌ڵك‌و كوردستان پێویستیه‌كی ههمیشهییو پهیوستداری ژیانی هاوڵاتیانه.
داواش له لایه‌نه پهیوهندارهكانو سه‌رجه‌م حزب‌و لایه‌نه سیاسیه‌كان ده‌كه‌ین، كه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شێوازێكی یاسایی رێك‌و پێك‌و به پاكی‌و بێگه‌ردی به‌ڕێوه ببهنو خڕوقاتو شتی نادروست‌و ناڕه‌وای تێكه‌ڵ نه‌كرێت، چونكه ئه‌م ده‌نگدانه‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵقوڵاوی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ره‌و پێویسته رێزی لێ بگیرێ.
له‌كۆتاییدا، جارێكی تر جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه، كه پێویسته هه‌مووان به‌ژداری له پرۆسه‌ی ده‌نگدان بكه‌ین‌و به‌چاوی رێزیشه‌وه لێكبڕوانین، ئومێده‌وارین ئه‌و هه‌ڵبژاردنه به سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو بێت‌و به قازانجی ئایین‌و گهلو نیشتمانمان كۆتایی پێ بێت.
یه‌كێتی زانایان ئایینی ئیسلامی كوردستان
18/9/2013
