كێشەی مۆری‌ ئەلكترۆنی‌ تا رادەیەك كۆنتڕۆڵ كراوە

كێشەی مۆری‌ ئەلكترۆنی‌ تا رادەیەك كۆنتڕۆڵ كراوە
19ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- كاتژمێر حەوتی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بنكەكانی دەنگدان بەڕوی دەنگدەرانی تایبەت كرانەوە. لەم دەنگدانە تایبەتەدا 99 بنكە كراونەتەوە و 381 وێستگە بۆ دەنگدەران دابینكراوە و كۆی دەنگدەران 153000 كەس دەبن. بۆ زیندانیەكان 6 بنكە و 7 وێستگە كراونەتەوە و 2022 زیندانیش مافی دەنگدانیان هەیە. ئەوانەش‌ دەنگدانی‌ تایبەت دەیان گرێتەوە و ناویان لەو تۆمارە نیە، دەتوانن لە دەنگدانی گشتیی‌ دەنگی‌ خۆیان بدەن.

لە پارێزگای هەولێر 50 بنكە و243 وێستگە بۆ دەنگدانی تایبەت تەرخانكراوە و هەروەها 60790 كەسیش مافی دەنگدانیان هەیە. لە سنووری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان 28 بنكەی دەنگدان هەیە، كە 125 وێستگەیان تێدایە، هەروەها 56 هەزار و 853 كەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان بە هۆی لەكاركەوتنی مۆری ئەلیكترۆنی لەزۆربەی ناوەندەكانی دەنگدان پرۆسەی دەنگدان دواكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، سەربەست مستەفا، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند: مۆری‌ ئەلكترۆنی‌ كێشەی‌ لە دەنگدانی‌ تایبەتدا دروستكردووە، بەڵام تا رادەیەكی باش توانراوە كۆنتڕۆڵ بكرێت.

روونیشیكردەوە: هۆكاری قەرەباڵغی بنكەكانی دەنگدان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێزەكانی ناوخۆ هەموویان بەسەریەكەوە چوون بۆ دەنگدان، لە كاتێكدا دەنگدانی تایبەت تا سەعات پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

سەربەست مستەفا ئەوەشی‌ خستەڕوو: سەعات حەوتی ئیوارە، كۆمسیۆن كۆنگرەی‌ رۆژنامەنوسی فراوان ساز دەكات و هەموو وردەكاریەكانی‌ هەڵبژاردنی‌ تایبەت رادەگەیەنێت.

ئەو ئامێرە نوێیەی‌ كە كۆمسیۆن لەم هەڵبژاردنەدا بەكاری‌ دەهێنێت مۆری‌ فۆڕمی‌ دەنگدان دەكات و بۆ یەكەم جارە لەعیراق بەكاربهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشدا: بەشێكی كێشەكەش ئەوەبووە كە كارمەندەكانی كۆمسیۆن شارەزاییان لەو ئامێرەدا نەبووە، بەڵام ئێستا خەریكی سەری لێدەردەكەن و ئەوەش هاندەریان دەبێت بۆ زوو رایی كردنی كارەكانیان.
Top