19ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- ئەمڕۆ كاتژمێر حەوتی سەرلە بەیانی لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بنكەكانی دەنگدان بەڕوی دەنگدەرانی تایبەت كە لە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و زیندانییەكان و هەروەها نەخۆشخانەكان پێكهاتووە؛ كرانەوە. لەم دەنگدانە تایبەتەدا نەوەد و نۆ بنكە كراونەتەوە و سێسەد و هەشتا و یەك وێستگە بۆ دەنگدەران دابینكراوە و كۆی دەنگدەران سەد و پەنجا و حەوت هەزار و بیست كەس دەبن. بۆ نەخۆشخانەكانیش چل و نۆ بنكە كراونەتەوە و پەنجا وێستگەش دابینكراوە كە حەوت هەزارو سەد و نەوەد و پێنج كەس مافی دەنگدانیان هەیە و هەروەها بۆ زیندانیەكان، شەش بنكە و حەوت وێستگە كراونەتەوە و دوو هەزار و بیست و دوو زیندانیش مافی دەنگدانیان هەیە.
لەلایەكی دیكەوە پەیامنێرمان رایگەیاند لە پارێزگای هەولێر پەنجا بنكە و دوو سەد وچل و سێ وێستگە بۆ دەنگدانی تایبەت تەرخانكراوە و هەروەها شەست هەزار و حەوت سەدو نەوەد كەسیش مافی دەنگدانیان هەیە، هاوكات پەیامنێرمان لە پارێزگای دهۆك چواردە بنكە بۆ دەنگدانی تایبەت تەرخانكراوە و هەروەها بیست و هەشت هەزارو نۆ سەد ونەوەد و حەوت كەس مافی دەنگدانیان هەیە.