وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوا لە هاووڵاتیانی دەكات نەچنە عێراق و بڕۆنە كوردستان

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوا لە هاووڵاتیانی دەكات نەچنە عێراق و بڕۆنە كوردستان
16ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەمساڵ رێنمایی نوێی بۆ هاووڵاتیانی دەركردووە سەبارەت بە گەشتكردن بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و هیچ رێگرییەكی دانانەوە بۆ هاووڵاتیانی ئەگەر بیانەوێت گەشت بكەن بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان.

رێنماییەكە داوا لە هاووڵاتیانی بەریتانی دەكات سەردانی عێراق نەكەن، بەڵام “وەزارەتی دەرەوە دژی گەشتكردنی هاووڵاتیانی نییە بۆ هەرێمی كوردستان”. هەر بەپێی زانیاری رێنماییەكە “ئەوانەی تەنیا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن ڤیزای جیاوازیان پێدەدرێت”.

دژی گەشتكردن نین بۆ هەرێمی كوردستان

لە رێنماییەكەدا هاتووە: وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا “جیا لەهەرێمی كوردستان”، ئامۆژگاری هاووڵاتیانی ناكات بۆ سەردانی عێراق. هەروەها داوا دەكات تەنیا بۆ كاری گرنگ سەردانی عێراق بكەن و لەكاتی گەشتەكانیاندا داوا لە كۆمپانیا ئەمنییەكان بكەن بیانپارێزن.

هەروەها دەڵێت “وەزارەتی دەرەوە دژی گەشتكردنی هاووڵاتیان نییە بۆ هەرێمی كوردستان كە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دەگرێتەوە”.

فڕۆكەخانەی هەولێر سەلامەتە

رێنماییەكە باسی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی عێراق دەكات و تێیدا هاتووە “بەشێوەیەكی گشتی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی بەغدا، هەولێر و بەسرا بە فڕۆكەخانە سەلامەتەكان دادەنرێن، بەڵام لە وێستگەكاندا ئاگاداری خۆتان بن و بەبێ دابینكردنی ئاسایش فڕۆكەخانەكانی بەسرا و بەغدا بەجێمەهێڵن”.

هاوكات داواشدەكات لە شوێنە قەرەباڵغەكاندا كۆنەبنەوە و ئەگەر جموجوڵێكی نامۆتان بینی، ناوچەكە جێبهێڵن.

لە كوردستان دەگمەنە

رێنماییەكە باسی رەوشی شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات و هەرێمی كوردستان بە ناوچەیەكی دوور لە تیرۆر ناودەبات. دەشڵێت “هەڕەشەی تیرۆر لە پارێزگاكانی بەغدا، نەینەوا، سەڵاحەددین، كەركووك، ئەنبار و دیالە زۆرە”. لە باسی هەڕەشەی تیرۆر لە هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا نووسیویەتی “ئاسایشی هەرێمی كوردستان زۆر جیاوازە لە ئاسایشی عێراق. كاری تیرۆرستی لە هەرێمی كوردستان زۆر بەدەگمەن روودەدات”.

نەچنە ئەنبار

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوا لە رۆژنامەنووسانی وڵاتەكەی دەكات نەچنە ئەنبار، چونكە “رۆژنامەنووسە بیانییەكان رێگە نەدراون بچنە ناو ئەنبار. لە یەك حاڵەتدا رێگەیان پێدەدرێت، ئەویش تەنیا ئەگەر مۆڵەتی وەزارەتی بەرگریی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئەنباریان هەبێت”.

نزیكی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان نەكەون

راپۆرتەكە ئامۆژگاری هاووڵاتیانی بەریتانی دەكات سوود لە زانیاری هاووڵاتیانی ناوخۆیی وەرگرن و بۆ زانینی ناوی شوێنەكان و نزیكی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و ئێران نەكەونەوە، بەهۆی ئەوەی “تاوەكو ئێستا سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێران و توركیاوە بۆردومان دەكرێن”.

ڤیزای هەرێمی كوردستان جیاوازە

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوا لە هاووڵاتیانی دەكات بەر لەوەی گەشت بۆ عێراق بكەن، سەردانی باڵیۆزخانەی عێراق بكەن لە بەریتانیا، چونكە بۆ چوونە ناو عێراق پێویستیان بە ڤیزا دەبێت، بەڵام بەجۆرێكی دیكە باس لە هەرێمی كوردستان كراوە. رێنماییەكەی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت “بەڵام ئەگەر تەنیا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەی، دەتوانی دوای ئەوەی گەیشتییە ناو هەرێمی كوردستان ڤیزا وەربگری، بەڵام ئەم ڤیزایە لە سەرانسەری عێراق كارناكات، تەنیا تایبەتە بە هەرێمی كوردستان”

لینكی سایتی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا

https://www.gov.uk/foreign-travel-advice/iraq
Top