پارێزگای ھەولێر لێدوانەکانی سەعدی ئەحمەد پیرە رەتدەکاتەوە

پارێزگای ھەولێر لێدوانەکانی سەعدی ئەحمەد پیرە رەتدەکاتەوە
15ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- بەرێز سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسی مەلبەندی سێی ھەولێر لەمیانەی دیمانەیەکیدا کە لەگەل سایتی پی یو کەی میدیا ئەنجامیداوە ، سەبارەت بە ھەولێرو فەزای ئازادییەکان و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەو خزمەتکردن و زۆر بابەتی تر لێدوانی داوەو قسەی کردووە ، کە بە پێویستی دەزانین وەکو پارێزگای ھەولێر ئەوەندەی لە رووە ئیدارییەکەو ئەو مەودایەی پەیوەندی بە ئێمەوە ھەبێت ئەم روونکردنەوە بۆ بەرێزیان و رای گشتی کوردستان بدەین :

١- دەزانین ئەمرۆ وادەی بانگەشەی ھەلبژاردنەو ھەر حزب و قەوارەیەک مافی خۆیەتی لە سنووری یاسایی بانگەشەی ھەلبژاردنەوە تآ ھەلبکاو بانگەشە بۆ حزب و قەوارەکەی خۆی بکات ، رەنگە لە زۆر حالەتیش پتر لە ئیستحقاق و زێدەرۆییشی تێدا بکرێت ، بەلام ئەوە ھەلبژاردنەو شتێکی ئاساییە ، بەلام نابێ بگاتە ئاستی ناشیرینکردنی بەرامبەر و کەمکردنەوە لە بایەخ و سەنگی لایەنی تر

٢- سەبارەت بەو کارو خزمەتانەی کە سالانیکە لە ھەولێری پایتەخت دەکرێت و بۆتە نموونەیەکی گەش و بەرچاو نەوەکو ھەر تەنھا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ، بەلکو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش و جیھانیش ، تا ئەو رادەی لە کێبرکێیەکی گرنگ لەگەل زۆر پایتەختی ناودار ھەولێر بووە پایتەختی گەشتیاری ولاتانی عەرەب بۆ سالی ٢٠١٤ ، ئەوەش دەلێین کە لە ٢٠٠٤ تا ئەمرۆ نزیکەی ٧ ملیار دۆلار بودجە لەلایەن حکومەتی ھەرێم لە ھەولێر خورد کراوەتەوەو کراوەتە کارو پرۆژەو خزمەت ئەمەش ژمارەیەکی زل و مەزنە و گالتەی پێناکرێت ، سەرەرای ئەوەش پتر لە ١٧ ملیار دۆلار وەبەرھێنانی بیانی و خۆمالی لەھەولێر لە کارو جێبەجێکردندایە و ئەوەش سەرمایەیەکی مەزن و قورسەو کاریگەری گەورەی لەسەر پارسەنگی ئابووری و گەشەپێدانی ھەیە لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق و ناوچەکەش و جیھانیش ، تەنھا لە رووی نیشتەجێبوون لەھەولێر نزیکەی ٩٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە کوالیتی جیا جیا لەلایەن وەبەرھێنان ئەنجامدراوە یاخود ھێشتا لە جێبەجێکردندایە ، سەرەرای سندوقی نیشتەجێبوون بۆ ھەزاران لە سوودمەندان لە کەمدەرامەتان و لاوان وەکو شارەکانی لاوان و ئاشتی و ئاییندە یەک و ئاییندە دوو ، لەگەل ھەزاران سودمەندی پێشینەی خانوبەرە و ١٠٠٨ شوقەی ھانا سیتی و ٥٠٠ شوقەی فەرمانبەران و ٣٠٠٠ شوقەی نیشتەجێبوونی تازە و سەدان خانووی وارسی شەھیدان و ئەنفالکراوان و ٥٠٠٠ خانووی گوندی کۆری و ٥٠٠ شوقەی کەمدەرامەت و بێ سەرپەرشتان و پتر لە ١٠٠ ھەزار زەوی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران و کەسانی موستەحەق و ١٨ ھەزار زەوی نیشتەجێبوون بۆ کرێچییانی قەزاو ناحیەو کۆمەلگاکان و پتر لە ٢٠ ھەزار زەوی بۆ خەلکی ھەژارو بێ نەوای تەجاوزەکان و مامزاوەو قەتەوی و سێبەردان و درکاوەو قەلاتی نوێ و ژینی دارەتوو و بێرکۆت و کورانی عەنکاوە و شوێنەکانی تر کە ھەمووی کاریگەی ئەرێنی ھەبووە لەسەر باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەو خەلکەو نیشتەجێبوونیان و بوونیان بەخاوەن مولک ، کە کۆی گشتی ھەموویان چارەسەرێکی کاریگەرو سەنگینی ئاریشەی نیشتەجێبوون بووەو ژمارەیەکی گەورەی دروست کردووە کە ھەرگیز مەنتق رێگە نادات فەرامۆش بکرێن و، گوناھێکی گەورەیە ئەگەر کەسێکی شارەزا بە حکومەت و سیاسەت ئینکاریان بکات و زەربێک بنێت بەسەریانەوەو بەکەم و بێ بەھای دابنێت .

٣- سەبارەت بە ھەولێر بەرێزیان دەلێت { ئەو ئازادییە بێ سنوورەی لە سلێمانی ھەیە بێگومان لە ھەولێرو لە دھۆک نییە } ئەوەیان ئێمە قسەمان لەسەری ھەیە ، یەکەم ھیچ ئازادییەک لە دونیا بێ سنوور نابێت تاکو لەسلێمانی وابێت ، ئەگەر بێ سنور بوو ، ئەوا ناوی لێ نانرێت ئازادی ، دواتر بەلگەی بەرێزیان چییە کە ئازادی لە ھەولێر نەبێ یاخود کۆنترۆل کرابێت ؟ ئەی ئەوە نییە ھەولێر پایتەختی کوردستانە ، بارەگای پەرلەمان کە داکۆکیکەری ئازادییەکانە و بارەگای سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت کە پارێزەری یاساو ئازادییەکانن و ئەوەتا بارەگای یو ئێن و ھەموو کونسولگەرییەکانی ولاتانی دونیاو ھەموو دامەزراوە نێو نەتەوەییەکان و حزب و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی و چالاکییە جڤاتی و میللی و سیاسییەکانی لە ئامێز گرتووە و ھیچ ئاریشەو گرفتێکیان نییە ؟ ئەی بەرێز بەرپرسی مەلبەندی سێ چۆن لە ئازادی و فەزای ئازادی دەروانێت و چۆنی دەخوێنێتەوە و لەسەر چ بنەمایەکی زانستی و مەنتقی بەراوردی بە شوێنی تری دەکات ؟ .

٤- سەبارەت بە کارو خزمەت و رەوشی ئاوەدانکردنەوە بەرێزیان دەلێت { رێژەی بێکاری لە ھەولێر زۆرترە وەک لە سلێمانی و ژمارەی کرێچیش لە سلێمانی % ٢٥ دەبێت و لەھەولێر زۆر لەوە زیاترە } ، ئێمە نازانین لەسەر چ بنەمایەک و داتایەکی فەرمی بەرێز بەرپرسی مەلبەندی سێ ئەو قسانەی کردووە ؟ کوا ئەو بەلگانەی کە پشتی پێ بەستوون ؟ ئەوەی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێم بە مەشوورەت و ئاگاداریی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندووە ریژەی ھەژاری و بێکاری لە کوردستان %٧ و لە ھەولێریش %٦ بووە ، پاشان رێژەو ژمارەی کرێچییان لەھەولێر بەوردی دەست نیشان نەکراوەو مەزەندەی ئێمە لە ١٥ ھەزار خێزان تێپەرناکات کە سوودمەند نەبووبن لەلایەن حکومەتەوە .

٥- سەبارەت بە رەوشی چالاکی و بانگەشەی ھەلبژاردن بەرێزیان دەلێت { لە ھەولێر توندوتیژی بەرامبەر بە کادرو چالاکەوانانی ئێمە دەکرێت ، لەوەخراپتر تەنھا پارتی وەکو حزب ئەمە ناکات ، بەلکو وەکو حکومەتیش بەشدارن لە توندو تیژییەکان } ، ئێمە دەلێین بەداخەوە کە بەرێز بەرپرسی مەلبەندی سێ بەبێ بەلگەی یاسایی ئەو قسانەی کردووە ، رۆژانە ھەزاران کارمەندی ئەم حکومەتە لە ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی ھاتوچۆو شارەوانی خەریکی کارو خزمەت و لە پەرۆشیی بەرێوەچوونی ئاشتیانەو دیموکراسیانەی پرۆسەی بانگەشەی ھەلبژاردندان و بەھەول و کۆششی ئەوان ئارامی و سەقامگیری بەرقەرارەو ھیچ کێشەو ئاریشەو رووداوی ناخۆش رووی نەداوەو پرۆسەکەیان بە سەرکەوتوویی بەرێوەبردووە ، جەخت دەکەینەوە کە ھیچ کێشەو توندوتیژییەک رووی نەداوە ، ئەگەر کراوەو بەرێزیان ئاگادارن بۆ سکالای یاسایی تۆمارنەکراوەو بەلگەکان بۆ حکومەت و کۆمسیۆن نەناردراون ، ئەگەر ھەر تەنھا بە قسەیە ئەوە لەرووی یاساییەوە قسەکردن و تۆمەت بەھای یاساییان نییە ، دەبێ بەلگەو قەرینەی یاسایی لەبەردەست بن تا پشتیان پێ ببەسترێت ، دواتر ئێمە لە روونکردنەوەی پێشووتریش بۆ سایتی شارپرێس کە دیسان بەرێزیان قسەی لەو بارەوە کردبوو ئەوەمان رەتکردەوە کە بە ھیچ شێوەیەک توندوتیژی لەگەل ھیچ لایەن و قەوارەیەک کرابێت و رێگەشی پێ نادرێت و ھەر تەجاوزێکی کرابێت لە لێکردنەوەی پۆستەرو دروشم و وێنە ، ئەوە کاری تاکەکەسی و دوور لە چاوی دەزگاکانی پۆلیس و حکومەت بوونە و ھیچ بەلگەیەکی یاسایی نییە کە بیسەلمێنێت حکومەت و پارێزگا بێلایەن نەبووبن و وەکو یەک لە چالاکی و بانگەشەی ھەلبژاردنی ھەر قەوارەو کاندیدێکیان نەروانیبێت .

لەگەل رێزمان
راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر
Top