پارتی: ھەرجۆرە رەفتارێک رەتدەکەینەوە کە ببێتە مایەی ئازار و نارەحەتی ھاوڵاتیانمان

پارتی: ھەرجۆرە رەفتارێک رەتدەکەینەوە کە ببێتە مایەی ئازار و نارەحەتی ھاوڵاتیانمان
لیژنەی باڵای ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان, لە پەیامێکدا داوای لە جەماوەری پارتی کرد, ھەوڵبدەن لەم چەند رۆژەی بۆ ھەڵیژاردن ماون، لە رۆژانی رابردوو بانگەشەکەتان ھێمن و لەسەرەخۆتربن و رەفتار و گوتارتان لە ئاست گەورەیی و پیرۆزی رێبازی بارزانی و پارتی بێت، نمونەبن بۆ ھەموو کوردستان، ھەروەکو چۆن خەبات و تێکۆشانی پارتی نمونە و شایەنی دەرس لێوەرگرتنە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی لیژنەی باڵای ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی پارتی دەڵێت, دڵگرانین بە کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک لە ھاوڵاتیانمان کە لەئەنجامی گرژی و پشێوی بانگەشەی چەند لایەنێک لە دەڤەرێکی نیشتمانەکەمان بوونە قوربانی, وتیشی, ھەرجۆرە رەفتارێک رەتدەکەینەوە کە ببێتە مایەی ئازار و نارەحەتی ھاوڵاتیانمان.

روونیکردەوە, ئێستاش کە کەمتر لە ھەفتەیەکمان ماوە بۆ رۆژی دەنگدان و کۆتایی ھاتنی پرۆسەکە، ھەوڵبدەن لەم چەند رۆژەی کەماون، لە رۆژانی رابردوو ھێمن و لەسەرەخۆتربن, نمونەبن بۆ ھەموو کوردستان، ھەروەکو چۆن خەبات و تێکۆشانی پارتی نمونە و شایەنی دەرس لێوەرگرتنە.

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

ھاووڵاتیانی خۆشەویست، ھەڤاڵان و کادیران و ئەندامان و لایەنگران و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان.
نزیکەی دوو ھەفتەیە ھەڵمەتی بانگەشەی سەرخستنی لیستی (١١٠)ی پارتیمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردوە، ھەروەکو چۆن جیاواز لە ھەموو لایەک دەستمان پێکرد، بە پاڵپشتی ئێوەی خۆڕاگر بەردەوامی بەو بانگەشەیە دەدەین و جیاوازیشمان دەپارێزین.
لەو ماوەیەدا ھەموو لایەکتان بەڕێکوپێکی بەشدارن لەم پرۆسە گرنگەدا کە لە کات و ساتێکی زۆر ھەستیاردا ئەنجامدەدرێت.
بەناوی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕ بەدڵ سوپاس و پێزانینی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین، کە بەوپەڕی ھەست بەبەرپرسیارێتی و ئاگایانە یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانتان رەچاوکردووە و بەشێوەیەکی سەردەمیانە پڕۆسەکەتان ئەنجامداوە، زۆر بەباشی ھاوکاری دامودەزگاکانی ئەمنیتان کردووە کە کار و خزمەت و چالاکی ئەوانیش مایەی دڵخۆشی و دەستخۆشی لێکردنن.
ھەڤاڵانی و جەماوەر و لایەنگرانی پارتیمان، سەرفرازین بەو رەفتارە شایستە و سەردەمیانەی نیشانتانداوە لە کوردستان بەگشتی و لە سنوری ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک بەتایبەتی، لە ھەمانکاتدا دڵگرانین بە کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک لە ھاوڵاتیانمان کە لەئەنجامی گرژی و پشێوی بانگەشەی چەند لایەنێک لە دەڤەرێکی نیشتمانەکەمان بوونە قوربانی و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆمان، ھەرجۆرە رەفتارێک رەتدەکەینەوە کە ببێتە مایەی ئازار و نارەحەتی ھاوڵاتیانمان.
ئێستاش کە کەمتر لە ھەفتەیەکمان ماوە بۆ رۆژی دەنگدان و کۆتایی ھاتنی پرۆسەکە، ھەوڵبدەن لەم چەند رۆژەی کەماون، لە رۆژانی رابردوو ھێمن و لەسەرەخۆتربن و رەفتار و گوتارتان لە ئاست گەورەیی و پیرۆزی رێبازی بارزانی و پارتی بێت، نمونەبن بۆ ھەموو کوردستان، ھەروەکو چۆن خەبات و تێکۆشانی پارتی نمونە و شایەنی دەرس لێوەرگرتنە. بانگەشەی خۆتان بکەن بۆ سەرخستن و بەھێزتر کردنی پارتەکەتان بەڵام بەجۆرێک کە نەبنە مایەی بیزاری ھیچ کەسێک و نمونەیی و پێشەنگی خۆتان بپارێزن وەکو ھەمیشە، سەربەرز و سەرکەوتووبن. ھەموومان پێکەوە بەرە و کوردستانێکی گەشتر.
لیژنەی باڵای ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٤/٩/٢٠١٣
Top