سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانیدا به‌دواداچوون بۆ ڕاستیی چارەنووسی ئەو كچەكوردانەی لە شاڵاوی ئه‌نفال بۆ وڵاتی مسر نێردراون، بكرێت

سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانیدا به‌دواداچوون بۆ ڕاستیی چارەنووسی ئەو كچەكوردانەی لە شاڵاوی ئه‌نفال بۆ وڵاتی مسر نێردراون، بكرێت
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا، رایگه‌یاند، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی دا به‌ دواداچوون بۆ هەواڵی دۆزینەوەی سەرەداوی چارەنووسی ئەو كچە كوردانەی لە شاڵاوی ئەنفالدا لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ وڵاتی مسر نێردراون، بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك بهێنرێت، لەگەڵ ئەو كەسەی كه‌ بەڵگەی لەبەردەست دایە سەردانی وڵاتی مسر بكەن ڕاستیی ئەو بابەتە بۆ خەڵكی كوردستان ڕوون بكرێتەوە.



ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:



پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی سەرەداوی چارەنووسی ئەو كچەكوردانەی لە شاڵاوی ئەنفالدا لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ وڵاتی مسر نێردراون، دوای چاوەڕوانییەكی زۆر هیچ ئەنجامێكی ڕوون دەرنەكەوت و بۆ ئەوەی ئەم بابەتە هەستیار و گرینگە یەكلایی و سەڕاست بكرێتەوە، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا كە بەدواداچوون بۆ بابەتەكە بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك بهێنرێت و لەگەڵ ئەو كەسەی كە ئیدیعا دەكات بەڵگەی لەبەردەست دایە سەردانی وڵاتی مسر بكەن و ئەگەر ڕاستە، ئەو كچانە ببینن و زانیاریی تەواو بەدەست بێنن و ڕاستیی ئەو بابەتە بۆ خەڵكی كوردستان ڕوون بكرێتەوە.



د. ئومێد سەباح گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

14ـی 9ـی 2013
Top