حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی هەڵبەستراوی گۆڕان و شۆڕش حاجی رەتدەکاتەوە
ئەمەش دەقی راگەیندراوەکەیە:
راگەیاندنەکانی سەر بەبزوتنەوەی گۆڕان هەواڵێکی ناڕاست و هەڵبەستراویان لەسەر زاری شۆڕش حاجی بڵاوکردۆتەوە، گوایە حکوومەتی هەرێم100 سەد هەزار دینار مینحەی خانەنشینانیان نەداوە، لەوبارەیەوە حکوومەتی هەرێمی کورستانرایدەگەیەنێت کە ئەم هەواڵە دوورە لەراستیەوە و هیچ پارەیەک لەحکوومەتی عێراقەوە نەدراوەتە هەرێم بەمەبەستی خەرجکردنی وەکو مینحەی مانگانە بۆ خانەنشینان.
بۆ تەئکیدکردنەوەی ئەم راستییەش وەزارەتی دارایی عێراق هەموو راستییەکانی لایە کەهیچ تەرخانکردنێک لەژێر ناوی مینحە بۆ خانەنشینان لەبودجە و دەرەوەی بودجەدابۆ کوردستان دیاری نەکراوە.
لەکاتێکدا شۆرش حاجی و راگەیاندنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەهەموو کەس باشتر ئەو راستییە دەزانن کەپارەیەکی لەو جۆرە نەدراوەتە هەرێم، بەڵام بۆ چ مەبەستێکی سیاسی دەیانەوێت تۆمەت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبەستن لەپشت سەنگەری درۆ وهەواڵی داتاشراوەوە سەرمایەگوزاری بۆ خواست و بەرنامەی سیاسی خۆیان بکەن و لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگدا،ناوناوبانگی میللەت و حکوومەتەکەیان لەکەدار بکەن.
سەبارەت بەو سکاڵایەش کە گوایە شۆڕش حاجی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی گۆڕانلەسەر سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دارایی هەرێم تۆماری دەکات، هەر ئەوەندە دەڵێین بەدرێژای ئەم چەند ساڵە لەبەغدا غەدری زۆر لەکورد کراوە بەسەرجەم چین و توێژەکانیەوە، بەڵام بۆئەم غەدرە زۆرە نەبووە مایەی ئەوەی بەڕێز شۆرش حاجی و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە سکاڵا لەسەر ئەو کاربەدەستانەی عێراق تۆمار بکەن، کەدەیانەوێت کورد پەراوێز بخەن و مافە دەستوری و نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی زەوت بکەن.
لەکاتێکدا روونە کەحکوومەتی هەرێم بەپێیی توانا ئاوڕی جیدی لەژیان و گوزەرانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردستان داوەتەوە و هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە کەحکوومەتی هەرێم بەرنامەیەکی تۆکمەی بۆباشترکردن و دابینکردنی ژیانێکی شایستەترهەیە بۆ خانەنشینان و ئەوانە بەلای حکوومەتەوە لەوە گەورەترن بکرێنە دەسمایەی شەڕی راگەیاندن و کۆکردنەوەی دەنگ.
هەرلێرەشەوە حکوومەتی هەرێم جارێکی تر بێلایەنی خۆی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دوپاتدەکاتەوە و داواش لەسەرجەم لیست و قەوارە سیاسی و راگەیاندنەکانیان دەکات، کە بۆ هیچ مەرامێک ناو و ناوبانگی حکوومەت لە کەدار نەکرێت، چونکە ئەم حکوومەتە هی هاووڵاتیانی کوردستانە بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە.
