ده‌قى وتارى نێچيرڤان بارزانى له ڕێوڕه‌سمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى به‌نداوى گه‌وره‌ى (گۆمه‌سپان – به‌ستۆره)
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌يانيتان باش، هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن بۆ دانانى به‌ردى بناغه‌ى به‌نداوى گۆمه‌سپان، له پارێزگاى هه‌ولێر.
خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ پێكه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عيماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى خۆشه‌ويستين؛ له‌م بۆنه‌يه‌دا بۆ دانانى به‌ردى بناغه‌ى پڕۆژه‌يه‌كى ستراتيژى كه بۆ ئه‌مڕۆ و داهاتووى ووڵاته‌كه‌مان زۆر گرنگه و، يه‌كێكه له‌و پڕۆژانه‌ى خزمه‌تێكى زۆر گه‌وره به نه‌وه‌ى ئاينده ده‌كات، هه‌روه‌ها ڕۆڵێكى گرنگ له دابينكردنى ئاسايشى ئاو و خۆراكدا ده‌گێڕێت.
پڕۆژه‌ى به‌نداوى (گۆمه‌سپان – به‌ستۆڕه) كه گوژمه‌ى نزيكه‌ى (85 - 90) مليۆن دۆلارى بۆ ته‌رخان كراوه، ئه‌ڵقه‌يه‌كه له زنجيره پڕۆژه‌يه‌كى فراوانى هاوشێوه، كه وه‌ك پلانى بۆ دانراوه، ده‌بێته يه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ى شوێنێكى ديار و به‌رچاويان ده‌بێت له بووژانه‌وه‌ى ئاوى ژێرزه‌وى و ده‌وڵه‌مه‌نبوونى له‌وه‌ڕگاكان و بنياتنانى ژێرخانى كشتو‌كاڵى و گه‌شتيارى و ئابوورى له هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ سيماى داهاتووى ووڵاته‌كه‌مان له‌و بوارانه‌دا و له ڕووى كه‌شوهه‌وا و ڕووبه‌رى سه‌وزاييه‌وه؛ به‌ره‌و باشتر و به‌سوودتر و جوانتركردنى ووڵاته‌كه‌مان؛ هه‌نگاوێكى پيرۆز ده‌بێت.
گرنگى و بايه‌خدانى گه‌وره‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به مه‌سه‌له‌ى پارێزگاريكردن و گلدانه‌وه‌ى ئاو و دروستكردنى به‌نداو، له‌و تێگه‌يشتنه‌وه هاتووه كه ئاو يه‌كێكه له سامانه هه‌ره به‌نرخه‌كان و له داهاتوودا ده‌بێته يه‌كێك له بنه‌ما سه‌ركييه‌كانى پاراستنى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌ييى هه‌ر ووڵاتێك. ته‌نانه‌ت ده‌بێته يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هاوسه‌نگييه‌كانى هێز و سياسه‌ت و ئابووريش له جيهاندا. بۆيه پێمان وايه گرنگى و بايه‌خى سامانى ئاو له ووڵاته‌كه‌مان، هيچى له سامانى نه‌وت و گاز كه‌متر نيه و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مايه؛ ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕى گرنگى پێبده‌ين و به‌رنامه و پلانى تۆكمه دابنێين؛ بۆ پاراستن و چۆنيه‌تيى گلدانه‌وه‌ى ئاو و به‌كارهێنانى له هه‌رێمى كوردستان.
به‌ڕێزان..
ڕاسته هه‌رێمى كوردستان سه‌رچاوه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندى ئاوى سه‌رزه‌وى و ژێرزه‌وى هه‌يه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به شێوه‌يه‌كى زانستيانه و به‌پێى پێوه‌ر و ستاندارده‌كانى جيهانى؛ مامه‌ڵه‌يه‌كى دروستى له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ين و ده‌ستى پێوه نه‌گرين، ئه‌وا بێگومان له داهاتوويه‌كدا؛ كه زۆر دوور نيه، هه‌ڕه‌شه‌ى جدديمان له‌سه‌ر دروست ده‌بێت!. هه‌روه‌ها ڕووبه‌ڕووى كاره‌ساتێكى گه‌وره‌ى ووشكبوونى سه‌رچاوه‌كانى ئاو ده‌بينه‌وه!. ئه‌مه‌ش به ده‌يان كێشه و گرفتى ئاڵۆز له‌گه‌ڵدا خۆي‌دا ده‌هێنێت و ئاينده‌ى ووڵاته‌كه‌مان و نه‌وه‌ى داهاتوومان ده‌كه‌ونه به‌ر مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه!.
به‌ڕێزان..
ماوه‌يه‌كى درێژه هه‌موو لێكۆڵينه‌وه زانستييه‌كان و لێكدانه‌وه ئابوورى و سياسييه‌كان؛ ئه‌وه‌يان يه‌كلا كردۆته‌وه كه پرسى كۆنترۆڵكردنى سه‌رچاوه‌كان و چۆنيه‌تيى به‌ڕێوه‌بردن و دابه‌شكردنى سامانى ئاو له نێو ووڵاتاندا؛ ده‌بێته چه‌قى ناكۆكى و ململانێكانى داهاتوو، هه‌روه‌ها كاريگه‌ريى ڕاسته‌وخۆى به‌سه‌ر هه‌موو هاوكێشه‌كاندا ده‌بێت!. هه‌ر ئه‌م ڕاستييه‌ش واى كردووه كه ئاسايشى ئاو، يه‌كسان بێت به ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى و هه‌موو ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ته‌كان؛ پلان و به‌رنامه‌ى ستراتيژى و درێژخايه‌نى بۆ دابنێن!. حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيش به‌رنامه و پلان و ستراتيژى له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مايه داناوه و كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى به باش‌ترين شێوه؛ سوود له ئاو و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له كوردستان وه‌ربگيرێت!.
وه‌ك به‌ڕێز وه‌زيرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوييه‌كان باسى كرد، به‌پێى ئه‌و پلانه ستراتيژييه‌ى كه هه‌يانه له وه‌زاره‌ت، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تا ساڵى 2018 به ده‌يان به‌نداوى بچووك و گه‌وره له ناوچه جياجياكانى هه‌رێم دروست ده‌كات، كه ئێستا ژماره‌يه‌كى به‌رچاويان كه‌وتوونه‌ته قۆناغى جێبه‌جێكرن و يه‌كێك له‌و به‌نداوه گه‌ورانه ئه‌م به‌نداوه‌ى ئه‌مڕۆيه كه ئێمه به‌ردى بناغه‌ى بۆ داده‌نێين؛ ئه‌ويش به‌نداوى (گۆمه‌سپان – به‌ستۆڕه)يه، له‌گه‌ڵ دوو به‌نداوى ديكه‌ى گه‌وره له هه‌رێمى كوردستان؛ له (باسه‌ره) و (باوه‌نوور) كه به پشتگيريى خودا له ئاينده‌يه‌كى نزيكدا به‌ردى بناغه‌ى ئه‌و دوو به‌نداوه‌ش داده‌نێن. ئه‌مه بێجگه له (30) به‌نداوى ديكه كه ئێستا له تۆژينه‌وه‌ى نه‌خشه‌سازيدان و له داهاتوودا پازده له‌مانه ده‌چنه بوارى جێبه‌جێكردن!.
به ته‌واوبوونى هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ى كه ئێستا هه‌يه له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوييه‌كان، له داهاتوويه‌كى نزيكدا ده‌توانين بگه‌ينه قۆناغى خۆبژێوى و ته‌نانه‌ت ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى ڕێژه‌يه‌كى زۆرى به‌رهه‌مى كشتو‌كاڵيش، وێڕاى فه‌راهه‌مبوونى هه‌زاران ده‌رفه‌تى كار بۆ هاووڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم كه كه‌رتى كشتو‌كاڵى هه‌رێمى كوردستان وه‌كوو ووڵات هه‌ميشه جێى دابينكردنى به‌روبوومى كشتو‌كاڵى بووه له هه‌موو عيراقدا، به‌ڵام ئێمه له دواى ساڵى 1976 كه گونده‌كان هه‌موويان وێران كران، تێكدران، له‌و ڕۆژه‌دا زه‌ربه‌يه‌كى زۆر گه‌وره به سێكته‌رى كشتوكاڵ له وو‌ڵاتى ئێمه كه‌وت. زه‌ربه‌ى دووه‌ميش مه‌سه‌له‌ى به‌رنامه‌ى نه‌وت به‌رامبه‌ر به خۆارك بوو كه ئه‌مه‌ش زه‌ربه‌يه‌كى گه‌وره‌ترى له بوارى كشتوكاڵ له‌م ووڵاته دا، كه هه‌مووى به‌لاش ده‌هات بۆ هاووڵاتيان و به‌داخه‌وه وايكرد خه‌ڵكى ئێمه بير له‌وه نه‌كاته‌وه كشتوكاڵ بكات. بۆ حكوومه‌تى هه‌رێم زۆر زه‌حمه‌ت بوو جارێكى ديكه له سفره‌وه ده‌ستپێبكاته‌وه، ئێمه دواى ساڵى 2004 به به‌رنامه‌يه‌كى تۆكمه هه‌وڵمان داوه كه‌رتى كشتوكاڵ له هه‌رێمى كوردستان زيندوو بكه‌ينه‌وه.
ده‌وڵه‌مه‌نديى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رچاوه‌كانى ئاوى سه‌رزه‌وى و ژێرزه‌وى، شانسێكى گه‌وره و ده‌رفه‌تێكى زێڕينه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين ووڵاته‌كه‌مان له بوارى گه‌شتيارى و په‌ره‌پێدانى كشتوكاڵ و سه‌وزكردنى ڕووبه‌ره به‌رفراوانه‌كاندا؛ به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ين و به پڕۆژه‌ى له‌مجۆره، ڕێ نه‌ده‌ين ئه‌م سامانه گرنگ و به‌نرخه؛ هه‌روا به خۆڕايى و به فيڕۆ بڕوات.
بێجگه له سه‌رچاوه هه‌ميشه‌ييه‌كانى ئاوى سه‌رزه‌وى و ئاوى ئه‌مباركراوى ژێرزه‌وى، له وه‌رزه‌كانى به‌فر و بارانيشدا؛ له چياكانى كوردستان ڕێژه‌يه‌كى گه‌وره‌ى به‌فر و، له ده‌شته‌كانيشدا ڕێژه‌يه‌كى گه‌وره‌ى باران ده‌بارێت. ئه‌مه‌ش ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كى گه‌وره‌يه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به هۆى نه‌بوونى به‌نداو، زۆربه‌ى زۆرى ئاوى به‌فر و باران به خۆڕايى ده‌چێت و سوودێكى وا بۆ ئاودێرى و په‌ره‌پێدانى كشتوكاڵ ناگه‌يه‌نێت. ئه‌مه‌ش به‌هه‌ده‌رچوونێكى ڕاسته‌قينه‌ى سامانێكى زۆر به‌هاداره، وێڕاى ئه‌وه‌ى كه زيانێكى زۆرمان پێده‌گه‌يه‌نێت و كاريگه‌ريى نه‌رێنيى زۆر خراب؛ له‌سه‌ر ژينگه و ته‌ندروستيى هه‌رێمى كوردستان جێده‌هێڵێت.
بۆ ئه‌وه‌ى ڕێ له به‌هه‌ده‌رچوونى ئه‌م سامانه بگرين و له‌پێناو سوود و خۆشگوزه‌رانى و په‌ره‌پێدانى ئابوورى و كشتو‌كاڵى و گه‌شتياريى ووڵاته‌كه‌مان؛ به‌كارى بهێنين، ده‌بێ ئيمه‌ش له هه‌رێمى كوردستان وه‌ك ووڵاته پێشكه‌وتووه‌كانى دنيا؛ ته‌نانه‌ت حيساب بۆ يه‌ك دڵۆپه ئاويش بكه‌ين!. چونكه مامه‌ڵه و چاره‌سه‌ركردنى دروستى ئه‌م پرسه و سوودوه‌رگرتن و به‌كارخستنى ئه‌م سامانه و به‌كارهێنانى ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌نديه بۆ خزمه‌تى ووڵات، ڕۆڵێكى مه‌زن له پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان و پته‌وكردنى ژێرخانه‌كه‌يدا؛ ده‌گێڕێت.
ئاماژه به‌و ئاياته پيرۆزه ده‌كه‌م كه به‌ڕێز مامۆستا جه‌رجيس له پێشه‌كيى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه له قورئانى پيرۆزدا خوێندييه‌وه. پێم وايه ئه‌وه ده‌بێ هانده‌رى هاووڵاتيان بێ له هه‌رێمى كوردستان بۆ چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاو كه سه‌رچاوه‌ى ژيان له ئاوه‌وه ده‌ستپێده‌كات. ده‌بێ زۆر به ووريايى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ى ئاو بكه‌ين له هه‌رێمى كوردستان بۆ ئێستا و بۆ نه‌وه‌كانى داهاتووشمان.
پارێزگاريكردن و به‌كارهێنان و سوودوه‌رگرتنى باش و دروست و زانستيانه له سه‌رچاوه و سامانى ئاو له كوردستان، هه‌م دواڕۆژێكى بێ كێشه و ئارامتر و پێشكه‌وتووتر بۆ هه‌رێمى كوردستان و نه‌وه‌كانى داهاتوومان گه‌ره‌نتى ده‌كات، هه‌ميش له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه و جيهان، له‌پاڵ ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كانى ديكه‌ى ووڵاته‌كه‌مان؛ وه‌ك پترۆل و كانزاكان، پێگه و هێزێكى ئابووريى گه‌وره‌تر و كاريگه‌رتر به هه‌رێمى كوردستان ده‌دات!.
له كۆتاييدا ده‌مه‌وێ هاووڵاتيان دڵنيا بكه‌مه‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌وڵى به‌رده‌وامى داوه و زۆر به جددى كار ده‌كات؛ بۆ ئه‌وه‌ى به باش‌ترين شێوه و به‌پێى پلان و شێوازه هه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانى سه‌رده‌م، له ڕێگه‌ى به‌رنامه و ته‌كنه‌لۆژياى نوێوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سامانى ئاو و كشتوكاڵدا بكات، تاكو سامانى ئاو و كشتوكاڵ بكاته يه‌كێك له بنه‌ما هه‌ره سه‌ره‌كييه‌كانى پێشخستنى ژێرخانى هه‌رێمى كوردستان و له خزمه‌ت و سوودى هاووڵاتيانى كوردستاندا؛ به‌كاريان بهێنێت!.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گرنگييه‌كى به‌رچاو به كار و به‌رنامه و پلانه هه‌نووكه‌يى و ستژاتيژييه‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ده‌دات و به‌شێكى زۆرى توانا داراييه‌كانى خۆى بۆ ته‌رخان ده‌كات. هه‌ر لێره‌وه ده‌ستخۆشى له به‌ڕێز وه‌زيرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوييه‌كان د. سيروان و هه‌موو به‌ڕێزان و به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتيى وه‌زاره‌ت ده‌كه‌م كه به ڕاستى هه‌وڵێكى زۆريان داوه بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژانه. له‌بيريشمان نه‌چێت، كه دواى ڕاپه‌ڕينى 1991 و دواى ئه‌و به‌رنامه ستراتيژيانه‌ى كه دامانناوه؛ ئه‌مه ده‌بێته يه‌كه‌م به‌نداو كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به پراكتيكى وه‌ك به‌نداوێكى گه‌وره ده‌ست به جێبه‌جێكردنى ده‌كات.
ده‌ستخۆشى له‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه و ستافى وه‌زاره‌ت ده‌كه‌م كه كاريان له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌يه كردووه. ئێمه له سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران؛ به‌ڕێز عيماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و به‌نده، له نزيكه‌وه ئاگادارى هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه‌ين كه ئه‌و به‌ڕێزانه له‌م ماوه‌يه‌دا ئه‌نجاميان داوه، سوپاسيان ده‌كه‌م.
سوپاسێكى تايبه‌تى كۆمپانياى جێبه‌جێكار؛ كۆمپانياى ئاتاچ – ى توركى و كۆمپانياى ناوخۆيى (سێنك) ده‌كه‌م كه له‌گه‌ڵيان كار ده‌كات. هيوادارم به شێوه‌يه‌كى ڕێك‌وپێك ئه‌م پڕۆژه‌يه جێبه‌جێ بكه‌ن، به هيواى ئه‌وه‌ى له ئاينده‌يه‌كى نزيكدا، به‌ردى بناغه‌ى دوو به‌نداوه‌كه‌ى ديكه‌ش له (باوه‌نوور) و (باسه‌ره) دابنێين.
هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن؛ به‌سه‌ر چاو، زۆر سوپاس.
