پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پەنجاودووەمین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پەنجاودووەمین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئەمڕۆ بە ڕێزەوە بەرامبەر پەنجا و دووەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەستاوین، شۆڕشێک کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی گەلی کورددا هێز و ورە و متمانە بەخۆبوونی بە گەلی کورد بەخشی و بوو بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی گەلەکەمان و دەستپێکی رەتکردنەوەی داگیرکاری.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە یەکەم مژدەی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی پڕ لە زوڵم و ستەمی داگیرکەران و بوو بە یەکەم پڕیشکی ئازادی. ئەو شۆڕشە توانی بۆ یەکەمجار یه‌کبوونی نه‌ته‌وه‌یی کورد بکاتە دیاری بۆ گەلەکەی و کۆتایی بە هەستی ناوچەگەرێتی و بێ ھێزی و پەرتەوازەیی ھێنا و بڕوا و متمانەیەکی پۆڵایینی بە خەڵک بەخشی و هەموو خەڵکی کوردستانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و کۆمەڵگەی پەرتەوازەی کوردستانی کردە کۆمەڵگەیەکی بەرگریکار و متمانە پۆڵایین کە چیدی زوڵمی قبووڵ نەدەکرد و داکۆکیی لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خۆی دەکرد.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر توانی کۆتایی بەو خەونەی دوژمنان بهێنێ کە پێیانوابوو کورد ناتوانێ لەژێر یەک چەتردا کۆببنەوە. شۆڕشی ئەیلوول ھەستی بەرەنگاربوونەوە لەناو خەڵکی کوردستاندا چاند و هێز و توانای پێ بەخشین تا بەگژ داگیرکاریدا بچنەوە و زوڵم و ستەم ڕەت بکەنەوە. کاتێک یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە دەبێ باسی ڕۆڵی برایانی عەرەب و تورکمان و ئاشووری و کلدان بکەین کە هاوسەنگەر و هاوخەباتمان بوون و لەپێناوی ئازادی و پێکەوەژیاندا خوێنیان بەخشی. شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ ئەوەدا کە شۆڕشێکی بەرەنگاری بوو دژی زوڵم و ستەم، لە هەمانکاتدا بوو بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، هەروەها یەکەم بناخەی چاکسازی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ژینگە و تەندروستی و خێزان و پەروەردە و دادپەروەریدا داڕشت و جگە لە خەباتی پێشمەرگانە و بەرخودان، قوتابخانەی لە گوندەکان کردەوە و یەکەم زانکۆی لەناوچە ئازادکراوەکاندا گرتە باوەش. مامۆستایان هەم پێشمەرگە بوون و هەم ڕۆڵەکانیان پەروەردە دەکرد، مامۆستایانی ئایینییش ڕۆڵێکی نیشتیمانپەروەرانەی مەزنیان گێڕا کە هەقوایە بکرێنە سەرمەشق. شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشی هەموو چینوتوێژەکان بوو، ئافرەتان وەک دایک و وەک پاڵپشتی بەرەی شەڕ ڕۆڵێکی مەزنیان گێڕا و قوربانیی زۆریان پێشکەش بە گەل و وڵاتەکەیان کرد.

ئێمە ئێستا لەکاتێکدا یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان لە پێشکەوتنی بەردەوامدایە و بووەتە نموونەیەکی جوانی ئارامی و بونیادنان، بەڵام هێشتا پێویستمان بەو ڕوحە بەرگریکاری و متمانە بەخۆبوون و یەکڕیزییە هەیە کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول پێی بەخشیوین، چونکە هێشتا گەلەکەمان بەروڕووی ئەو خواستانە دەبێتەوە کە کار بۆ بێ ئیرادەکردن و شکاندنمان دەکەن و هەمیشەی بۆ ئەو مەرامەیان چاویان لەوەیە بە دەستی خۆمان ئیرادەی خۆمان بشکێنین و ڕۆحی شۆڕشگێڕیمان بکوژێننەوە.

بۆیە پێویستە وەک جاران چاوکراوە و هوشیار بین و بە یەکڕیزی و هاوکاری هەوڵی دابینکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ گەلەکەمان بدەین، لێرەشەوە ڕوو لە گەنج و لاوان و قوتابی و خوێندکاران دەکەم و داوایان لێ دەکەم مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەیان بناسن و وانەی متمانە بەخۆبوون و خۆڕاگریی پێشمەرگە بکەنە چرای ڕێگەیان و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە خۆیان بۆ داهاتوویەکی گەش ئامادە بکەن و ڕێگە نەدەن هەوڵی پیلانگێڕان بۆ شێواندنی مێژوومان و دوورخستنەوەی ئێوە لە ڕێڕەوی وڵاتپارێزی و نەتەوەیی سەربگرێت.

لەم یادە شکۆدارەدا سڵاو دەنێرین بۆ پێشمەرگەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و سەری رێز و نەوازش بۆ شەھیدانی خەباتی رزگاریخوازی کورد بەگشتی و شەھیدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەتایبەتی دادەنەوێنین.

مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
Top