وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا: پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان موعجیزه‌ن
له دیدارێكدا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و دیدارى سه‌رۆك وه‌زیران نیشان دا و هه‌ردوولا ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ئێستاى عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدایان تاوتوێ كرد. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا باشبوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراق و ده‌ستپێشخه‌ریى نێچیرڤان بارزانى بۆ سه‌ردانى به‌غدا و گۆڕینه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كان له لایه‌ن نوورى مالیكى و سه‌رۆك بارزانییه‌وه بۆ هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه، به ئه‌رێنى له قه‌ڵه‌م دا.
ڕه‌وش و پیشهاته سیاسى و مه‌یدانییه‌كانى ئێستاى سووریا و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ناوچه‌كه و هاتنى زیاتر له دوو سه‌د هه‌زار په‌نابه‌رى كوردى سووریا بۆ هه‌رێمى كوردستان، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو. له‌مباره‌یه‌وه وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا ده‌ستخۆشى له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه ده‌رگاكانى به ڕووى په‌نابه‌راندا كردۆته‌وه و كه‌مپ و شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى بۆ دابین كردوون و خۆراك و یارمه‌تى و هاوكاریى ژیارى و ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ییان پێشكه‌ش ده‌كات.
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا په‌یوه‌ندیى دووقۆڵیى هه‌رێمى كوردستان و هۆڵه‌ندایان خسته باس و هه‌ردوولا خوازیار بوون كه په‌یوه‌ندیى ئابوورى، سیاسى، كۆمه‌ڵایه‌تى و كولتووریى نێوانیان په‌ره پێبده‌ن و به تایبه‌تیش بایه‌خ و گرنگى به بوارى كشتو‌كاڵى و به‌شداریكردنى كۆمپانیا هۆڵه‌ندییه‌كان له پرۆسه‌ى په‌ره‌سه‌ندن و پیشخستنى ژێرخانى ئابووریى هه‌رێمى كوردستاندا؛ بدرێت.
له كۆتایى دیداره‌كه‌دا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا باسى له ڕابردووى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و مه‌ینه‌تى و ده‌رده‌سه‌ریانه كرد كه به‌سه‌ر خاك و گه‌لى كوردستاندا هاتوون و ڕایگه‌یاند: كاتێك سه‌یرى ئه‌و ڕابردووه ده‌كه‌ین و ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانى و خۆشگوزه‌رانییه‌ى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان ده‌بینین؛ سه‌رمان سورده‌مێنێ و ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ى هه‌رێمى كوردستان موعجیزه‌یه. هه‌روه‌ها هیواى خواست ناوچه‌كانى دیكه‌ى عیراقیش هه‌مان ئه‌و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌خۆیانه‌وه ببینن.
