ده‌قی وتاری نێچیرڤان بارزانی له‌ ئاهه‌نگی جه‌ماوه‌ریی راگه‌یاندنی به‌رنامه‌ی لیستی 110ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ولێر

ده‌قی وتاری نێچیرڤان بارزانی له‌ ئاهه‌نگی جه‌ماوه‌ریی راگه‌یاندنی به‌رنامه‌ی لیستی 110ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ولێر
نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت چەند ساڵێكە خەڵكانێك بە بەرنامەیەكی چڕ كاردەكەن بۆ شێواندنی راستییەكان و كەمكردنەوەی بەهای ئەو دەستكەوتە مەزنانەی بەدەستهاتوون، وەك پارتی گوێ نادەینە رەخنەی دووژمنكارانە و هەڵبەستراو، دەشڵێت:\" لە ئامادەباشیدان بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەك كە كاریگەری خراپی هەبێت بۆسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان\"".

ئێوارەی ئەمڕۆ ئاهەنگی راگەیاندنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یاریگای فرانسۆ هەریری دەستیپێكرد، لە مەراسیمەكەدا نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند:\"" گوێ نادەینە رەخنەی دووژمنكارانە و هەڵبەستراو وەك پارتی بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی خەڵك، رێگەكەمان دیارەو پشت بەخوا بەرنامەشمان روونە جێبەجێی دەكەین\"".

بارزانی ئاماژەی بەوەدا ئاوەدانی كوردستان بەڵگەی زیندووی سەركەوتنی بەرنامەكانیانەو پارتی زامنی ئەو پێكەوەژیانەیە لە كوردستاندا، گوتیشی:\"" تاوەكو ئێستا ئەركەكانمان تەواو نەبوونە. بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بگەینە پێشكەوتن و ئازادی زیاتر . ئێمە دەبێ ئابووریمان بەهێزتر بكەین . دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجەكانمان مسۆگەر دەكەین \"".

جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەی بەوەدا هەموو تاكێكی كوردستان شایەنی ژیانێكی باشترەو هەوڵدەدەین هەموو خەڵك بگاتە خۆشگوزەرانی، گوتیشی:\""ئێمە خۆشحاڵین كە دەبینین هاووڵاتیانی ئێمە لە سەردەمێكی مێژوویی زێڕیندا دەژین . كە هیچ سەردەمێك گەلی كوردستان ئەو رەوشەی بەخۆیەوە نەبینیوە\"".

دەقی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی:

- بەڕێز جەنابی سەرۆك
- بەڕێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتیمان
- بەڕێزان ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان
ئێوارەتان باش و هەموولایەكتان زۆر بەخێربێن بۆ ئاهەنگی دەسپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارتیمان ، پارتی دیموكراتی كوردستان .


بەڕێزان...
جەنابی سەرۆك ئاماژەی بە زۆر لایەن دا لە مێژووی پڕ سەروەری پارتی دیموكراتی كوردستان .
بەڕێزیان هەموو ئەو كەسایەتی و قارەمانانەی بە بیر ئێمە هێنایەوە كە گیانی خۆیان كردە قوربانی لەپێناو ئازادی كوردستان و، داوای لێكردین بەردەوامبین لەسەر رێبازی كوردایەتی ، لەسەر پێشكەوتن و دیموكراسی ، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەكسانی بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان . داوایكرد بە گوڕتینێكی زۆرترەوە سەروەری پێشخستنی كوردستان درێژە پێبدات . ئێمە لەسەر رێبازی جەنابی سەرۆك دەبین و پشتگیری لە سەركردایەتی بەڕێزیان دەكەین.
دوای 19 رۆژی تر پرۆسەی دەنگدان دەستپێدەكات و داوا لە دەنگدەرانی كوردستان دەكەین كە بڕیارێكی دروستبدەن بۆ هەڵبژاردنی باشترین لایەن كە ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە . باكەس لەوەدا دوودڵی نەكات ، چونكە پارتی زامنی پێشكەوتنی كوردستانە.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان داواتان لێدەكەین پشتگیری لەو دەستكەوتە مەزنانانە بكەن كە بەدەستمان هێناون . ئامانجی ئێمە زیاتر پێشخستنی كوردستان و هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیشە.
سوپاسی سەركردایەتی و لەخۆبردوویی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە بناغەی بونیادی كۆمەڵگایەكی شارستانی داڕشت و هێزی سەرەكی بەدەستهێنانی دەسكەوتەكان بوو .
سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە هێزی سەرەكی ئاوەدانكردنەوەو پێشخستنی كوردستان بوو.
ئێمە داواتان لێدەكەین متمانەمان پێبدەن بۆ ئەوەی چوار ساڵی تریش بەردەوامبین لەسەر ئەو پلان و بەرنامەیەی كە دەبێتە هۆی باشكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان لە هەموو بوارەكان و بۆ تەواوی پێكهاتەكانی كۆمەڵگە.
داوا لە دەنگدەرانی بەڕێز دەكەین پشتگیری لە هەوڵەكان بكەن بۆ پاراستنی كوردستانێكی ئارام و سەقامگیر و خۆشگوزەران ، تاوەكو ژیانێكی پڕ بەختەوەری بۆ نەوەكانمان مسۆگەر بكەین كە خەونی باوك و باپیرانمان بوو .
ئێمە رێگەیەكی سەختمان بڕی و زۆر دەستكەوتی مەزنمان بەدەستهێنان ، لەكاتێكدا خەڵكێك باوەڕی وابوو سەرناكەوین .
چەند ساڵێكە خەڵكانێك بە بەرنامەیەكی چڕ كاردەكەن بۆ شێواندنی راستییەكان و كەمكردنەوەی بەهای ئەو دەستكەوتە مەزنانەی بەدەستهاتوون.
ئێمە گوێنادەینە رەخنەی دووژمنكارانە و قسەی هەڵبەستراو . ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوامدەبین لەسەر بەرنامەی خزمەت گەیاندن بە كوردستان لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەقامگیری و ئاوەدانییەوە. رێگەی ئێمە دیارە و بە بەرنامەوە كاری لەسەر دەكەین .

ئێمە كارمانكردووە كە گەلی كوردستان بە هەموو نەتەوەكانییەوە ، لە كورد و توركمان و كلدان و ئاشووری و ئەرمەنی و هەموو پێكهاتەكانی دیكە بە ئارامی پێكەوە بەشداربن لەپێشخستنی كوردستاندا ، پارتی زامنی ئەو جۆرە پێكەوەژیانەیە.
تائێستا ئەركەكانمان تەواو نەبوونە. بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بگەینە پێشكەوتن و ئازادی زیاتر . ئێمە دەبێ ئابووریمان بەهێزتر بكەین . دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجەكانمان مسۆگەر دەكەین .
بایەخی زیاتر بە بێسەرپەرشت و پیر و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەدەین . هەروەها لە ئامادەباشی تەواوداین بۆ هەر رووبەڕوو بوونەوەیەك كە كاریگەری خراپی هەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیری كوردستان .
ئێمە خۆشحاڵین كە دەبینین هاووڵاتیانی ئێمە لە سەردەمێكی مێژوویی زێڕیندا دەژین . كە هیچ سەردەمێك گەلی كوردستان ئەو رەوشەی بەخۆیەوە نەبینیوە .
فراوانبوون و پێشكەوتن لە هەموو شوێنێكی هەرێمی كوردستاندا دەبینین . پارتی زامنی پاراستن و بەردەوامبوونی ئەو دەسكەوتانەیە.
ئەمڕۆ رێژەی هەژاری بەپێی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان 5 لەسەدە و لە عێراق 23 لەسەدە، هەوڵدەدەین پێشكەوتنێكی ئەوتۆ لە كوردستاندا دروستببێ كە هەموو خەڵك بگاتە خۆشگوزەرانی .
هەموو تاكێكی كوردستان شایەنی ژیانێكی باشترە و پارتی ئامادەیە ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرێت و ئەو ئامانجە بێنێتەدی .
ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو ئەندام و دۆست و لایەنگرانمان هاندەدەین و داواشیان لێدەكەین كە بەشێوەیەكی جدی بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن و دەنگبدەنە پارتیمان .
ئێمە دڵنیاین كە تەواوی ئەندام و لایەنگران و هەوادارانمان بەشداری لە دەنگداندا دەكەن و دەنگ بۆ ئەمڕۆ و ئایندەی كوردستان دەدەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان سەروەری دابینكردنی ئەو ئایندەیە بە ئەركی خۆی دەبینێت و ئەو سەروەریەی بەركەوتووە .
پارتی واتە پێشكەوتن ، ئاوەدانی ، ئایندەیەكی رۆشن بۆ گەلی كوردستان . بەختەوەری و پێكەوە ژیان لەنێوان تەواوی نەتەوەو ئایینەكان لە كوردستاندا .

خەڵكی خۆشەویستی كوردستان
ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان

لە پرۆسەی دیموكراسیدا گەیشتنە دەسەڵات كارێكی ئاسان نییە و پێویستی بە پشتیوانی گەل و دەنگی میللەتە . هەر تاكە دەنگێك سەنگ و قورسایی خۆی هەیە . بە دەنگی ئێوە پارتی دەتوانێ جارێكی دیكە بەهێزترەوە بگاتەوە دەسەڵات و خزمەتی كۆمەڵگەی كوردستان بكات.
كارەكانمان شاهێدی قسەكانمانن . ئاوەدانی كوردستان بەڵگەی زیندووی سەركەوتنی بەرنامەكانمانە . سیاسەت و هەڵوێستی دروستی پارتی لەلای هەمووان بەكردەوە روون و ئاشكرایە .
پارتی شانازی بە ئەزموونی حوكمڕانی خۆی دەكات كە پڕبووە لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان . ئەمڕۆ وەك هێزێكی كاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا رۆل دەگێڕێت .
بێگومان ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و جێگەی بایەخی ئێمەیە . وەك پارتی دەرفەتێكی باشمان لە پێشە بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوتی زیاتر لە ساڵانی داهاتوودا ، چونكە ئەزموون و شارەزایی ئێمە لەهەموو لایەك زیاترە و خەڵكی كوردستانیش دەتوانێ بە چاوی خۆیان راستییەكان ببینن ، ئەمە ئەو كاتە دێتەدی كە هەموومان بەیەكەوە بەشداربین لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا .
هاووڵاتیانی ئازیزی كوردستان . ئێمە داوای متمانە لە ئێوە دەكەین . داوای پشتگیری ئێوە دەكەین . بەڵێنتان پێدەدەین كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوێنەرایەتی ئێوە كاردەكات بۆ بونیادنانی كوردستانێكی باشتر و گەشاوەتر.

بەڕێزان و خۆشەویستان ...
لێرەدا زۆر بە كورتی پێتاندەڵێم ، متمانەو دەنگ لە ئێوە و كار و خزمەتگوزاریش لە ئێمە . ئێوە بە دەنگەكانتان بەشداری لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی كوردستاندا دەكەن.

ئیتر هەر شادو سەركەوتووبن ، بەرەو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ، دڵنیام بە دڵسۆزی و كوردپەروەری ئێوە ، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە وەك سەرقافڵە و پێشەنگ دەمێنێتەوە .
"
Top