پارێزگاری هەولێر پرۆژەی ئاوەرۆی سەرەكی هەشتی حەسارۆك و چەند پرۆژەیەكی دیكەی رێگریكردن لە لافاو بەسەردەكاتەوە

پارێزگاری هەولێر پرۆژەی ئاوەرۆی سەرەكی هەشتی حەسارۆك و چەند پرۆژەیەكی دیكەی رێگریكردن لە لافاو بەسەردەكاتەوە
١٣ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەرێوەچوونی كارو پرۆژەكانی پایتەخت، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بەیاوەریی بەرێوەبەری ئاوەرۆكانی پارێزگای هەولێر پرۆژەی ئاوەرۆی سەرەكی گەرەكی هەشتی حەسارۆكی بەسەركردەوە كە هاوتەریب و هاوئاراستەیە لەگەل ڕێڕەوی شەقامی كۆرنیشی هەولێر و خزمەتێكی زۆری گەرەكی هەشتی حەسارۆك و گەرەكەكانی تری دەوروبەری دەكات هەر لە چوارریانی كەسنەزان – هەولێر بۆ چوارریانی هەولێر – كەركووك .

پارێزگاری هەولێر وێرای جەخت كردنەوە لە خێراكردنی كارەكان و بایەخدانی پتر بە رێنماییە ئەندازەیی و كارگێرییەكان، رایگەیاند كە پرۆژەكە ئاوەرۆی سندووقییەو بەدرێژی 6.5كیلۆمەتر و بە قەبارەی 2.5* 2.5بە دووقۆناخ لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی بە گوژمەی 8ملیار دینارو پەرەپێدانی پارێزگا بە گوژمەی 4.5ملیار دینار جێبەجێ دەكرێن و هیوای خواست پرۆژەكە لە وادەی خۆی بەئاكام بگات و بكەوێتەواری خزمەتەوە و كێشەی ئاوەرۆكانی ئەو گەرەكانە چارەسەربكات .

پاشان چەند پرۆژەیەكی راستكردنەوەی ئاراستەی رێرەوی ئاوی بارانی باكووری هیران سیتی بەسەركردەوە كە بە راستەوخۆ لەلایەن بەرێوەبەرایەتی ئاوەرۆكانی هەولێر و بەمەبەستی رێگریكردن لە دروستبوونی لافاو لەو سنوورە دروست دەكرێن و لەماوەیەكی نزیكدا تەواو دەكرێن .
Top