تاران بە ماڕشی نێزامی پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی کرد
لەسەر بانگهێشتی سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران، دكتۆر حەسەن ڕووحانی، سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بە سەرۆكایەتیی شاندێكی پایەبەرزی هەرێمی كوردستان پێكهاتوو لە: فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئازاد بەرواری ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندازیار كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە نوێنەرایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی بە مەبەستی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆككۆماری نوێی ئێران دكتۆر حەسەن ڕووحانی كاتژمێر 11ی پێش نیوەأۆی ئەمڕۆ یەكشەمە 4ی ئاب / ئۆگۆستی 2013 لە ڕێگای پاڤیۆنی سەرۆككۆماری فڕۆكەخانەی مێهرئابادی تاران گەیشتە پێتەختی ئێران و لە لایەن دكتۆر عەلی جەنەتی وەزیری پێشنیاری شێخ حەسەن ڕووحانی بۆ پۆستی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران بە أەسمی پێشوازی لێكرا.
لەم رێورەسمەدا بە پێشكەشكردنی ماڕشی نێزامی لە لایەن گرووپی موزیكی و هەروەها ئیحترامی نیزامی بە ڕاخستنی مافووری سوور، لە بەر چاوی كامێراكانی جیهان پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا.
لە پێشوازیكردنی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین بەرپرسی پایەبەرزی ئێرانی، محەمەد مەجید ئەلشێخی باڵیۆزی وڵاتی عێراق لە تاران، نازم دەباغ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، عەبدوڵڵا ئاكرەیی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئێران، بەرپرسانی كۆنسوولخانەی ئێران لە هەولێر، دكتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران و چەندین كەسایەتیی دیكە ئامادەبوون.
بێجگە لە بەشداریكردنی شاندی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆك كۆماری ئێران، بڕیاروایە چەندین كۆڕ و كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدرێت بە تایبەتی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی سیاسی، بازرگانی و كەلتووری لە نێوان هەر دوو لایەندا.
ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆك كۆماری نوێی ئێران بڕیاروایە كاتژمێر 4ی ئەمڕۆ یەكشەمە بە بەشداری 10 سەرۆك كۆمار، 3 سەرۆك وەزیران، 5 سەرۆكی پەڕڵەمان، 6 وەزیری دەرەوە، كۆمەڵێك میوانی تایبەت و هەروەها نوێنەری ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە تەلاری كۆبوونەەكانی پەڕلەمانی ئێران لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.
