ھێزە ئەمنییەکان شارەدێی سلێمان بەگ کۆنترۆڵ دەکەنەوە

ھێزە ئەمنییەکان شارەدێی سلێمان بەگ کۆنترۆڵ دەکەنەوە
پاش ئەوەی شەوی رابردوو کۆمەلێک چەکداری تیرۆریست لە سەر رێگای سەرەکی کەرکووک - دووزخورماتوو بۆسەیەکیان دانا و کۆمەڵێک شۆفێریان کوشت و دواتریش ھەڵیانکوتایەسەر پۆلیسی شارەدێی سلێمان بەگ و شارەدێیەکەیان کۆنترۆڵکرد، سەرچاوەیەک راریگەیاند, تیرۆریستان ھەڵھاتون و ھێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردۆتەوە و ھەڵمەتێکی چڕوپریشیان لە ناوچەکە دەستپێکردووە.


قایمقامی دووزخورماتوو شەلال عەبدول بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ پاش شەڕو پێکدادانەکانی شەوی رابردوو، ئەمرۆ ھێزێکی زۆر لە ھەردوو لیوای ٣٦ و ٤٧ سوپای عێراق رەانەی شارەدێی سلێمان بەگ کران و بەمھۆیەشەوە چەکدارەکان ھەڵھاتون و شارەدێییەکە بە تەواوی کۆنترۆڵکرایەوە.

عەبدول ئاماژەشیدا: بارودۆخی ناوچەکە تا رادیەکی باش ئاسایی بۆتەوە و بە مەبەستی دەستگیرکردنی چەکدارە تیرۆریستەکان، لە ئێستادا ھێزە ئەمنییەکانە ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینبان لە ناو شارەدێیەکە دەستپێکردووە و رێگای سەرەکی کەرکوک – دووزخورماتوو – بەغداش کراوەتەوە کە پێشتر بەھۆی ئەو شەڕوپێکدادانەوە داخرابوو.

سەبارەت بە رووداوەکەی شەوی رابردووش، قایمقامی دووزخورماتوو رایگەیاند: شەوی رابردوو چەکدارەکان ھێرشیان کردە سەر بنکەی پۆلیسی سلێمان بەگ و بەھۆی شەڕوپێکدادانەکانەوە، ھاوڵاتیەکی مەدەنی برینداربوو, پێش ئەوەی، ئەو چەکدارانە ھێرش بکەنە سەر شارەدێی سلێمان بەک، لەسەر رێگای سەرەکی کەکووک- دووزخورماتوو بۆسەیەکیان دانابوو و رێگەیان بە ئۆتۆمبیلی ھاوڵاتیان و بە تایبەتی ئۆتۆمبیلە بارەھەڵگرەگان گرت و لە ئاکامدا ١٤ کەسیان کوشتووە کە ئەو کەسانە ھەموویان عەرەبی شیعەن و دانیشتووی ناوەراست و خوارووی عێراقن.

بە پێی زانیارییەکان لە شەوی رابردووەوە تاوەکو پێش نیوەرۆی ئەمرۆش چەکدارەکان کۆنترۆڵی شارەدێی سلێمانیان بەگیان لەدەستدابووە, ئەم ھەڵکوتانەی چەکدارە تیرۆرستەکانیش بۆ سەر ناوچەکە دوای ئەوە دێت چەند مانگێگ لەمەوبەریش تیرۆریستان توانیان بۆ ماوەی سێ رۆژ شارەدێی سلێمان بەگ بخەنەژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و شەڕوپێکدادانی قورس لە گەڵ ھێزە ئەمنییەکان ئەنجامبدەن.
Top