تەندروستیی عێراق: لە 2018دا 337 حاڵەتی ئایدز تۆمار کراوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-4-2019، بەهجەت سەعیدی، بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانیی ئایدز لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی لە زیادبوونی رێژەی تووشبووان بە ئایدز داوە و رایگەیاندووە، لە ساڵی 2017دا، تەنیا 96 حاڵەت تۆمار کرابوو.
بەهجەت سەعیدی هۆکارەکانی گواستنەوەی ئایدزی دیاری کردووە، کە بریتین لە؛
- سێکسی ناپارێزراو (لە دەرەوەی خێزان و بەکارنەهێنانی کۆندۆم).
- ئامێرەکانی تاتۆ دروست کردن.
- کەڵەشاخ (حیجامە)
- رەچاونەکردنی کمەرجە تەندروستییەکان لە ئامێرە پزیشکییەکان.
- بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەڕێی دەرزییەوە.
بۆ کەمکردنەوەی رێژەی تووشبووان بە ئایدز و خۆپاراستن لەو نەخۆشییە، بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانیی ئایدز لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق چەند رێکارێک بە پێویست دەزانێ، کە بریتین لە؛
- ئەنجامدانی پشکنین،
- دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی ئەگەری گواستنەوەی ئەو نەخۆشیەیان هەیە، وەک مەساجخانەکان و سەنتەرەکانی جوانکاری، کە مۆڵەتی فەرمییان نییە.
- دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی سێکس لە دەرەوەی خێزان لەکاتی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات.
ئایدز نەخۆشییەکی مەترسیدارە و دەبێتە هۆی نەمانی سیستەمی بەرگریی لەش.
باسنيوز
