ئەمریکا هەڕەشەیەکی توند لە عێراق دەکات

 ئەمریکا هەڕەشەیەکی توند لە عێراق دەکات
ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوە بە هەموو شێوەیەک لە عێراق دەکات و هۆشداریی پێ دەدات.



بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (عوکاز)ی سعودی، نامەیەکی ئەمریکا بۆ عێراق ئاشکرا بووە، کە ناوەڕۆکەکەی هەڕەشەی راستەوخۆن لە حکوومەت و سوپای عێراق.



هەروەک رۆژنامەکە باسی کردووە، پشتگوێخستنی داوای هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو میلیشیایانە ئامادەکاری بکەن بۆ تۆپبارانکردنی بنکەی سەربازیی (عەین ئەسەد).



لە نامەکەدا، ئەمریکا هەڕەشەی لە عێراق کردووە و رایگەیاندووە، بە هەموو شێوەیەک وەڵامی هەر مەترسییەک بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە سەربازگەی عەین ئەسەد دەدەنەوە.



چەند رۆژێک پێش ئێستا ژمارەیەک وێنەی سەکۆی مووشەکی بڵاو کرانەوە، کە گوترا ئامادەکرابوون بۆ تۆپبارانکردنی بکەی سەربازیی عەین ئەسەد، لەو کاتی دۆناڵد ترەمپ سەردانی ئەو بنکەیەی کرد.



سوپای ئەمریکا بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، کە کەوتووەتە پارێزگای ئەنبار، وەک بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانی بۆ خۆی بەکار دەهێنێت.



پێشتر لە شەوی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (د. خ.) لە کۆتاییەکانی مانگی 12ـی 2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی گەیشتە عێراق و لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، لەگەڵ سەرباز و فەرماندەکانی وڵاتەکەی کۆ بووەوە.



دۆناڵد ترەمپ لەو سەردانەیدا بۆ عێراق، کە دوای گەیشتنی بە ئەڵمانیا هەواڵی سەردانەکەی ئاشکرا کرا، هیچ بەرپرسێکی عێراقی نەبینی و تەنانەت هیچ کام لەو بەرپرسە عێراقییانە ئاگاداری سەردانەکەش نەبوون.



باسنيوز
Top