رێككەوتنی عێراق و ئوردن دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە
پەیوەندیە ئابووورییەكانی نێوان بەغدا و عەمان لەمەودوا دەچێتە قۆناخێكی نوێیەوە، نەوت و وزەو باج و گومرگ گرنگرتین ئەو رێككەوتنانە بوون كەلەسەری رێككەوتن، لەدوای كۆبوونەوەی نێوان عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و عومەر رەزاز سەرۆك وەزیرانی ئوردن، دوای 5 ساڵ دەست بە ھەناردەكردنی نەوت بۆ ئوردن كرایەوە، بەگوێرەی رێككەوتنەكە عێراق رۆژانە 10 ھەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر و لە دەروازەی ترێبل ھەناردەی ئوردن دەكات.
ئەگەرچی چەند پەرلەمانتارێكی عێراق ئەو رێككەوتنەكە لە بەرژەوەندی ئوردن دەزانن، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوەو دەڵێت رێككەوتەنكە لە بەرژەنوەدی ھەردوولایە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ناوەرەكی رێككەوتنەكەی نێوان عێراق و ئوردنی ئاشكراكرد و ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو رێككەوتنەی لە نێوان بەغدا و عەمان واژووكراوە لە بەرژەروەندی ھاووڵاتیانی ھەردوولایە، لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە باج لەسەر بەشێكی زۆری بەرھەمە ھاوردەكراوەكان كەمبكەنەوەو لەوانە ئەو كاڵایانەی عێراق لە بەندەری عەقەبەوە ھەناردەی دەكات لە 75% كەمدەكاتەوە. لە بەرامبەردا عێراق باجی لەسەر 393 بەرھەمی ئوردنی ھەڵدەگرێت. ھەروەھا ئوردن بڕیاریداوە لەكاتی پێگەیشتنی بەرھەمە كشتوكاڵییەكانی عێراق بازاڕی ئوردن بە روویاندا بكاتەوەو باج و گومرگیش لەسەر بەرھەمە ھاوردەكراوەكانی عێراق كەم بكاتەوە، ئەمەش داھاتێكی باش بۆ جووتیارانی عێراق دەستبەردەكات.
K24
