هه‌وڵێك بۆ ده‌ركردنی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق هه‌یه
به‌در زیادی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، به‌شی هه‌واڵگه‌ری سه‌ر به فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان چاودێری سه‌رجه‌م جووڵانه‌وه‌كانی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌دین، به‌غدا و ئه‌نبار ده‌كات، ئاشكراشیكرد، "لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مان زانیاری ته‌واوی له‌به‌رده‌سته و له ده‌ستپێكی وه‌رزی دووه‌می ته‌شریعی ده‌خاته به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان".
زیادی گوتی: "ره‌شنووسی ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ته‌واوی ئاماده كراوه, له‌پێناو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان به‌غدا و واشنتن، ئێستا كار بۆ چه‌ند هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێت"، دووپاتیشیكرده‌وه، "ده‌نگدان له‌سه‌ر ره‌شنووسی ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق، له پێشینه‌ی كاره‌كانی وه‌رزی دووه‌می ته‌شریعی په‌رله‌مان ده‌بێت".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری جه‌ختی كرده‌وه، "دوای ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وه‌ك داگیركا‌ر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كات"، وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "عادل عه‌بدولمه‌هدی، فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق به‌رامبه‌ر جموجۆڵه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له پارێزگاكانی عێراق به‌رپرسیاره".
له لایه‌كی دیكه‌وه، محه‌مه‌د كه‌ریم به‌لداوی، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی بونیادنانه‌وه گوتی: "ئێستا هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق چوونه‌ته قۆناغی خۆسه‌پاندنی به هێز" و، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێدا، "بوونی ئه‌مه‌ریكا مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئاسایشی عێراق".
هه‌ر له باره‌ی ئه‌م پرسه، لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له یاداشتێكدا چه‌ندین راسپارده‌ی له‌سه‌ر جموجۆڵی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاراسته‌ی حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی كردووه و داوای لێكردووه، راسپارده‌كانیان له‌به‌رچاو بگرن.
k24 -
