شەفافییەتی نێودەوڵەتی: کابینەکەی عەبدولمەھدی لە کابینەكانی عەبادی و مالیکی دەسپاکترە
بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە: "دانیمارک و نیوزلەندا، لە ڕیزبەندی یەکەم و دووەم وڵاتانی دەسپاکن لەجیھاندا و بەدوای ئەوانیشدا فینلاند و سەنگافوورە لە ڕیزبەندی سێیەم و چوارەمدا دێن".
بەپێی ڕاپۆرتەکە، عێراق لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، شەشەم وڵاتی گەندەڵە و لەسەر ئاستی جیھانیش بەوەرگرتنی ١٦٣ خاڵ، لەڕیزبەندی ١٣ ھاتووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە عێراق پێش ھەریەک لە سۆمال و سووریا و باشووری سوودان و یەمەن و کۆریای باکوور و سوودان، کەوتووە.
ڕێکخراوەکە ساڵانە ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی گەندەڵی و دەسپاکی و شەفافییەتەوە دەخاتەڕوو، کە بۆ ئەو مەبەستە پشت بە داتا و زانیارییەکانی ١٢ دەستەی جیھانی دەبەستێت، لەوانەش بانکی نێودەوڵەتی و کۆڕبەندی ئابووری جیھانی.
لەساڵانی ڕابردوودا و لەسەردەمی کابینەکانی حەیدەر عەبادی و نووری مالیکی، عێراق لەڕیزبەندی یەکەم و دووەمی گەندەڵترین وڵاتی جیھاندا بووە.
باسنيوز
