ئیئتیلافی مالیکی هێرش دەکاتە سەر عەمار حەکیم

 ئیئتیلافی مالیکی هێرش دەکاتە سەر عەمار حەکیم
پەرلەمانتارێکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، کە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بۆمبێکە و عێراق وێران دەکات.



رۆژی سێشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2016، فیردەوس عەوادی، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سەرۆکایەتیی دەکات، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسییەکان پێویستە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی دادوەریی عێراقی بێت.



فیردەو عەوادی پێیوایە دەستپێشخەریی عەمار حەکیم بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی، ”دۆمبێکی دانراو“ـە و جارێکی دیکە عێراق بەرەو وێرانکاریی دەبات.



ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا پێیوایە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان، پێویستە ”تیرۆریستەکان“، دادگایی بکرێن.



فیردەوس عەوادی لە باسی ”تیرۆریستەکان“ ئاماژە بەو کەسایەتیی و سەرکردە سوننەمەزهەبانە دەکات، کە بەشێکی زۆریان بەهۆی ترسیان لە حوکمـڕانیی شیعەمەزهەبەکانی عێراق، پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.



عەمار حەکیم بۆ کۆتایی هاتن بە ناکۆکییە تائیفییەکان و کێشەکانی دیکەی عێراق، دەستپێشخەرییەکی بۆ ئاشتەوایی و یەکلاییکردنەوەی هەموو پرسە سیاسییەکان بە گفتوگۆ و دانوستاندن، خستووەتە بەر باس.







باسنيوز
Top