کوتلەی هادی عامری داوای دەست لەکار کێشانەوەی عەبادی دەکات

 کوتلەی هادی عامری داوای دەست لەکار کێشانەوەی عەبادی دەکات
ژنە پەرلەمانتارێکی کوتلەی سەرۆکی رێکخراوی بەدر، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب، داوای دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.



رۆژی یەکشەممە 10ـی تەمموزی 2016، میساق ئەلحامدی، پەرلەمانتاری کوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە ئەو داوایەی بەهۆی روودانی دەیان تەقینەوە، کە دواترینیان تەقینەوە لە شارۆچکەی بەلەد و کردنە ئامانجی مەزارێکی شیعەمەزهەبەکان بوو، کردووە.



میساق ئەلحامدی هەروەها رایگەیاندووە، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران، کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، لە بەڕێوەبردنی عێراق و دابینکردنی ئاسایش شکستی هێناوە و ”پێویستە دەست لەکار بکێشێتەوە“.



ئەو ژنە پەرلەمانتارەی کوتلەی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەهۆی ئەوەی عەبادی لێپرسینەوەی لەگەڵ هیچ بەرپرسێک بەهۆی کەم تەرخەمی نەکردووە، ”خۆی کەم تەرخەمە“.



رێکخراوی بەدر، رێکخراوێکی شیعەی چەکدارییە و دوای فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، بووە بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە لەسەر ئەرزی واقیع، شوێنی سوپای عێراقی گرتووەتەوە.







باسنیوز
Top