مه‌عسوم: له دوو رۆژی داهاتوو كورد پۆستێكی ئه‌منی له كابینه‌ی نوێ وه‌رده‌گرێ
تا ئێستا پرسی وه‌زاره‌ت و پۆسته ئه‌منییه‌كان له نێوان كوتله سیاسیه‌كان یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌و هه‌ر كوتله‌یه‌كیش خواستێكی جیاوازی هه‌یه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته ئه‌منیانه، به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كانی پێشووش برِیاره هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و ئاسایشی نیشتمانی بۆ هاوپه‌یمانی نیشتمانی بن و وه‌زاره‌تی به‌رگریش بۆ كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه بێت و كوردیش به فه‌رمی داوای پۆستێكی ئه‌منی ده‌كات و ئه‌مه‌ش به مافێكی شه‌رعی و ده‌ستووری ده‌زانێ.
له‌مباره‌یه‌وه په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان فوئاد مه‌عسوم رایگه‌یاند له ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوو هه‌ر دوو كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان و كوتله‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسی پۆسته ئه‌منییه‌كان و پشكی كورد له‌و پۆسته ئه‌منیانه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك گرێبده‌ن.
مه‌عسوم ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كۆبوونه‌وه‌كه له باره‌گای سه‌رۆك كۆمار یاخود له باره‌گای هاوپه‌یمانی نیشتمانی به‌رِێوه ده‌چێت و هه‌وڵده‌درێ تێیدا پرسی پشكی كورد له پۆسته ئه‌منیه‌كانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت یه‌كلایی ببێته‌وه، روونیشی كرده‌وه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كورد یه‌كێك له هه‌ردوو پۆستی به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری یاخود وه‌زاره‌تی ئاسایشی نیشتمانی وه‌رده‌گرێت.
له لێدوانێكی پێشووتریشی مه‌عسوم ره‌تی ئه‌وه‌ی كرده‌وه كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له بری وه‌زاره‌تی ئاسایشی نیشتمانی داوای ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقی كردبێت، گوتیشی ئه‌و بابه‌ته راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ئه‌نجامی دانووستانه‌كانی نێوان فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان و هاوپه‌یمانی نیشتمانییه‌وه هه‌یه.
سه‌رچاوه: ئاكا نیوز
