بەشداری كردنی كورد لە حكومەتی عێراق بەندە بە ئیمزاكردنی كارنامەی كورد

بەشداری كردنی كورد لە حكومەتی عێراق بەندە بە ئیمزاكردنی كارنامەی كورد
ئەندامێكی تەباییی بارستە كوردستانییەكان ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند مەرجی‌ تەبایییەكە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی‌ نوێی عێراق ئیمزاكردنی‌ كارنامەی كوردە وبڕیارە تا كۆتای ئەم هەفتەیە بێتە ئیمزاكردن و ئەگەر ئیمزا لەسەر كارنامەكە نەكرێ لە حكوومەت بەشدار نابین.

مەحموود عوسمان رایگەیاند، نووسراوی كارنامەی كورد كە لە كاتى گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت لە نێوان لایەنە عێراقییەكان خرایە روو، بڕیارە تا كۆتای ئەم هەفتەیە بێتە ئیمزا كردن و ئەگەر ئیمزا نەكرێ، لە حكوومەت بەشدار نابین.

زیاتر گوتی، سەرجەم لایەنەكان لەسەر 19 خاڵەكەی كارنامەی كورد رێككەوتوون جگە لە خاڵی 18نەبێ كە باسی هەڵوەشانەوەی حكوومەتەكە دەكات لە كاتی كشانەوەی كورد كە خاڵەكە لەلایەن هاوپەیمانیى نیشتمانى تێبینى لەسەرە و هەروەها جێبەجێكردنى مادەى 140 و پرسی پێشمەرگە لەلایەن لیستى عێراقییە تێبینى لەسەرە.

عوسمان گوتی، لەگەل هاوپەیمانیى نیشتمانیدا رێككەوتووین خاڵی كشانەوەى كورد لە حكوومەت هەموار بكرێ بەشێوەیەك ببێتە جێگەى رەزامەندیی هەردوولا، بەڵام لە بەرامبەردا كورد مسۆگەری دەوێ و دەبێ بكرێتە بڕگەیەكی دەستووری و بێتە جێبەجێكردن، بەڵام پرسەكانى مادەى 140 و پێشمەرگە هیچ جێگرەوەیان نییە و دەبێ جێبەجىَ بكرێن.

لەلاى خۆیەوە عەدنان دنبووس سەركردە لە لیستى عێراقییە رایگەیاند، ئێمە لەسەر كارنامەى كورد رێك كەوتووین و تەنیا چەند وردەكارییەك ماوە پێویستى بەدانیشتن و شیكردنەوەى زیاترە تا ئێمەش رەزامەندی لەسەر بدەین.

زیاتر گوتی، چەند لایەنێكى نێو لیستى عێراقییە بەتایبەتی توركمانەكانى شارى كەركوك تێبینییان لەسەر مادەی 140ن پرسی پێشمەرگە و هەندێك بابەتی تر هەییە، بەڵام لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانی رێك كەوتووین و سەرجەم لایەنەكان رازین بەجێبەجێكردنى ئەم كارنامەیە.

دەنبووس روونی كردەوە، لیستى عێراقییە بەمەرج لە حكوومەت بەشدار دەبێ ئەویش هەڵوەشاندنەوەی یاسای رێشەكێشكردن و پێدانی دەسەڵاتى بڕیاردانی تەواوە بە ئەیاد عەلاوى لەو پۆستەى بۆى دیاری كراوە.

دەنبووس رای گەیاند، لیستى عێراقییە بەهەمان شێوەی كورد مسۆگەری دەوێ و بەو مەرجە لە حكوومەتی نوێ بەشدار دەبێ.

هەژیی گۆتنە پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری رابردوو كۆتای بەدانیشتنی كراوەی خۆی هێنا و ئوسامە نوجێفی وەك سەرۆكی نوێی پەرلەمان و جەلال تاڵەبانی وەك سەركۆماری عێراق هەڵبژارد.

-ئاكا نیوز
Top