چه‌له‌بی: له دانیشتنی داهاتوو پێنج كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌نگیان له سه‌ر ده‌درێ
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌رۆكی كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراقی ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی ئاشكرایكرد پێنج كه‌س كاندید كراون بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
چه‌له‌بی كه ئێستا له هه‌ولێره، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوودا سه‌ركرده‌ی كوتله‌كان كۆتایی دێنن به چاوپێكه‌وتنی هه‌ولێر كه له سه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی به ئه‌نجام گه‌یشتووه، روونیشی كرده‌وه دوای ته‌واو بوونی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ولێری نێوان سه‌ركرده‌ی كوتله‌كان رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دانیشتنی خۆی گرێدهداو له سه‌ر داوای برِیاری دادگای ده‌ستووری كۆتایی به دانیشتنه كراوه‌كانی دێنێت، گوتیشی پێنج كه‌س له‌لایه‌ن كوتله‌كانه‌وه ده‌ستنیشان كراون و له دانیشتنه‌كه‌ی رۆژی پێنج شه‌ممه پێكه‌ش ده‌كرێن و دواتر ده‌نگیان بۆ ده‌درێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا چه‌له‌بی رایگه‌یاند دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌نگاوی دووه‌م سه‌رۆكی كۆمار هه‌ڵده‌بژێردرێت، گوتیشی پرسی پۆستی سه‌رۆك كۆمار یه‌كلایی بۆته‌وه بۆ جاری دووه‌م تاڵه‌بانی وه‌ریده‌گرێته‌وه.
