سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان داوای دانانی سنوورێك دەكات بۆ ئەو تەقینەوە كارەساتئامێزانەی لە وڵاتدا روودەدەن
داخ ونیگەرانییەكی مەزن دامان دەگرێ كە دەبنین وڵات ومیللەتەكەمان دوچاری پیلان وتاوانێكی قێزەون دەبنەوە و رۆژ ناڕوا ئەگەر كارەسات و رووداوێكی جەرگبڕ تێیدا روو نەدات، بۆیە دەڵێین پێویستە لە ئاستی ئەو هەموو خوێن وفرمێسكە بە ناهەق رژاوە هەڵوەستە بكەین و قوربانیدانە بێ شومارەكانی دەیان ساڵەی خۆمان بیر بێتەوە، هەڵبەت لە كاتێكدا كە هەڕەشە و مەترسییەكی زۆر لەسەر ئەو دەستكەوتانەمان هەن كە بە خەبات و تێكۆشانێكی دوور ودرێژ بەدیمان هێناون، ئەمڕۆ بە ئەركی خۆمانی دەزانین داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتیمانییەكان بكەین رووبەڕووی ئەو هێڕش و مەترسییانە ببنەوە.
گومانی تێدا نییە كە تیرۆرستان وهێزە شەڕانگێزەكان وئەوانەی هاوكاریانن دەیانەوێ هەر سەرچاوەیەكی خێر وبەها جوانەكان لە ناو ببەن، بەڵام ئەوەی سەیرە، تیرۆرستان و هێزە شەڕانگێزەكان و هاوكارانیان ئەمجارەیان بە ئازادانە تەراتێنی خۆیان دەكەن بەبێ ئەوەی سڵ لە شتێك بكەنەوە یان كەس رێگریان بێ، ئەگەر نا، چۆن ئەو دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێ ئەو هەموو ئۆتۆمبیلە مینڕێژكراو مینە چێندراوە بتەقێننەوە و ئەو هەموو گەڕەكەش لە یەك رۆژدا بۆمباباران بكەن.
ئێمە لە بەرامبەر ئەو تەقینەوە كارەساتئامێز ومەترسیدارانەدا كە بوونە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی بێگوناه، پرسە وسەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری قوربانیان دەكەین ولە یەزدانی پەروەردگار دەپاڕێینەوە گیانی شەهیدان بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات و هیوای زووچاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.
هەروەها رایدەگەیەنین كە گشت نەخۆشخانە ودامودەزگا پزیشكی وتەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پێشوازیكردن لە بریندارانی تەقینەوەكانی دوێنێی شاری بەغدا بە مەبەستی پێشكەشكردنی ئەوەی لە توانادابێ بۆ چارەسەركردنیان.
لە كۆتاییشدا داوا لە تێكڕای دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی وڵات دەكەین وبە تایبەتی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەكان و هەموو ئەو هێز و لایەنانەی كە سەروماڵی هاوڵاتیان و دوارۆژی نەوەكانمانیان بەلاوە گرنگە، داوایان لێ دەكەین قەبارەی ئەو مەترسییە لەبەرچاو بگرن كە هەڕەشەیەكی راستەقینەیە دژ ب وڵاتەكەمان وداوای ئەوەیان لێ دەكەین بە هەموو هێز وتوانەیەكیانەوە بكەونە گەڕ لە پێناو ریشەكێشكردنی تیرۆرستان وهاوكارانیان وتێكدانی مۆڵگە وحەشارگەكانیان، بۆ ئەوەی وڵات لە شەڕانگێزییان رزگاری ببێ ومیللەتەكەشمان سەرفراز وئازادانە ژیانی خۆی بگوزەرێنێ، چونكە وڵاتەكەشمان چیتر بەرگەی كارەسات وناخۆشی تر ناگرێ، بۆیە پێویستە بە یەكەوە تێبكۆشین بۆ دوورخستنەوەی وڵات و هاوڵاتیانمان لە پەلامار وشەڕانگێزیی تیرۆر وتیرۆرستان وهاوكارانیان.
وتەبێژێك بە ناوی
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
3/11/2010
