سه‌نید ره‌زامه‌ندی زۆربه‌ی كوتله‌كان له‌ سه‌ر دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی ئاشكرا ده‌كات

سه‌نید ره‌زامه‌ندی زۆربه‌ی كوتله‌كان له‌ سه‌ر دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی ئاشكرا ده‌كات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌ركرده‌ له‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا حه‌سه‌ن سه‌نید ئاشكرایكرد هاوپه‌یمانی نیشتمانی ره‌زامه‌ندی نووسراوی له‌لایه‌ن زۆربه‌ی كوتله‌كانه‌وه‌ به‌ ده‌ست گه‌یشتووه‌ بۆ پشتگیری كردنیان له‌ دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، روونیشی كرده‌وه‌ زۆربه‌ی كوتله‌ سیاسیه‌كان برِیاریانداوه‌ له‌ دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌مان كه‌ برِیاره‌ له‌ دوو هه‌فته‌ی دیكه‌ ببه‌سترێ ده‌نگ بۆ دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی بده‌ن.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا سه‌نید رایگه‌یاند هه‌ڵوێستی كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی روون و ئاشكرایه‌و پشتگیری له‌ دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی ده‌كاته‌وه‌، روونیشی كرده‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتووی نێوان كوتله‌كان له‌ هه‌ولێر بۆ وه‌لاَمدانه‌وه‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی، په‌ویه‌ندی به‌ پرسی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ نییه‌.
سه‌نید دووپاتی كرده‌وه‌ قسه‌ كردن له‌ سه‌ر پێكهێنانی كوتله‌ی گه‌وره‌ كۆتایی پێهاتووه‌، له‌وه‌ته‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی و كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان دانووستانه‌كانی نێوانیان كۆتایی پێهاتووه‌، جه‌ختیشی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ ئێستا هاوپه‌یمانی نیشتمانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانییه‌و مالیكیش كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران و جه‌لال تاڵه‌بانیش كاندیدی سه‌رۆك كۆماره‌.
ناوبراو روونی كرده‌وه‌ دانووستانه‌كانی نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كان كه‌ برِیاره‌ له‌ هه‌ولێر به‌رِێوه‌ بچێت، به‌ ئامانجی پێكهێنانی حكومه‌تی شه‌راكه‌تی نیشتمانییه‌ كه‌ تێیدا هه‌موو كوتله‌كان به‌شداربن.
Top