پەرلەمانی ڤەنزوێلا باری نائاسایی رادەگەیەنێ و ئەمریکا دیپلۆماتکارەکانی دەکێشێتەوە

 پەرلەمانی ڤەنزوێلا باری نائاسایی رادەگەیەنێ و ئەمریکا دیپلۆماتکارەکانی دەکێشێتەوە
پەرلەمانی ڤەنزوێلا باری نائاسایی رادەگەیەنێت و ئەمریکاش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەپچڕێنێت.



رۆژی دووشەممە 11-3-2019، لەسەر داوای خوای گوایدۆی سەرۆکی پەرلەمان، کە خۆی وەک سەرۆکی وڵات ناساندووە، پەرلەمانی ڤەنزوێلا باری نائاسایی لە وڵاتەکەی راگەیاند.



راگەیاندنی باری نائاسایی دوای چوار رۆژ دێت لە نەمانی کارەبای نیشتمانی و پەرلەمانی ئەو وڵاتەش داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ”هاوکاری“ی وڵاتەکەی بکەن.



هەروەها ئێوارەی هەمان رۆژ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کە باڵیۆزخانەکەی لە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا بە تەواوی دادەخات و ئەو نوێنەرانەی لەوێن، لە ماوەی هەفتەیەکدا دەگەڕێنەوە ئەمریکا.



ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 23-1-2019، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی وڵاتەکەی بە وەکالەت ناساند و رایگەیاند، نیکۆڵاس مادۆرۆ چیتر سەرۆکایەتیی وڵات ناکات.



تا ئێستا وڵاتانی ئەمریکا، رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا، بەرازیل، پاراگوای، کۆڵۆمبیا، کەنەدا، پیرۆ، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا، سوید، نەمسا و دانیمارک پشتگیریی خوان گوایدۆ دەکەن و وڵاتانی مەکسیک، کوبا، رووسیا، تورکیا و ئێرانیش تەنیا نیکۆڵاس مادۆرۆ بە سەرۆک دەزانن.





باسنیوز
Top