سعودیە بڕیاریدا رەگەزنامەی له کوڕێکی ئوسامە بن لادنی سەرۆکی کوژراوی قاعیدە، وەرگرێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا، کە رۆژنامەی (ئومول قوڕا)ی فەرمی بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بڕیاری داوە رەگەزنامەی سعودی لە حەمزە بن لادن، کوڕێکی ئوسامە بن لادنی سەرۆکی کوژراوی قاعیدە، وەرگرێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وەرگرتنەوەی رەگەزنامەی سعودی لە حەمزە بن لادن بە بڕیاری دیوانی شاهانەی وڵاتەکە بووە و ئیدی ناوی ئەو کوڕەی ئوسامە بن لادن لە تۆمارە فەرمییەکانی سعودیە نامێنێت.
هەفتەی رابردوو ئەمریکا بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ هەر کەسێک دیاری کرد، کە زانیاری بداتە دەزگا ئەمنی و سەربازییە ئەمریکییەکان بۆ دەستگیرکردنی حەمزە بن لادن.
حەمزە کوڕی ئوسامە بن لادنی سەرۆکی کوژراوی قاعیدەیە. سەرچاوە هەواڵییە عەرەبییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئوسامە گرنگییەکی زۆری بە حەمزەی کوڕی داوە، کە زۆرجار بە ”شازادەی جێنشینی جیهان“ ناودەبرا.
دوای کوژرانی بن لادن، حەمزە وەک سەرکردەیەکی باڵای قاعیدە دەرکەوت و چەند جارێکیش هەواڵی هەوڵدانی بۆ جێگرتنەوەی باوکی، بڵاو بووەتەوە.
ئوسامە بن لادن، کە خەڵکی سعودیەیە، سەرۆکی قاعیدە بوو و تۆمەتبارە بە پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەی تیرۆریستی، کە دیارترینیان بریتی بوو لە هێرشی 11ـی ئەیلوول. لە مانگی 5ـی 2011 لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزێکی تایبەتی ئەمریکی، لە شاری ئەبوەت ئادابی پاکستانی کوژرا.
باسنیوز
