ئەمریکا یەک ملیۆن دۆلار دەکاتە خەڵاتی زانیاریدان لەبارەی کوڕێکی بن لادن

ئەمریکا یەک ملیۆن دۆلار دەکاتە خەڵاتی زانیاریدان لەبارەی کوڕێکی بن لادن
ئەمریکا بڕی یەک ملیۆن دۆلار دەکاتە خەڵات بۆ ئەو کەسەی زانیاریی لەبارەی شوێن و جێگای کوڕێکی سەرۆکی کوژراوی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە.

حەمزە کوڕی ئوسامە بن لادنی سەرۆکی کوژراوی قاعیدەیە. سەرچاوە هەواڵییە عەرەبییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئوسامە گرنگییەکی زۆری بە حەمزەی کوڕی داوە، کە زۆرجار بە ”شازادەی جێنشینی جیهان“ ناودەبرا.

حکوومەتی ئەمریکا بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ هەر کەس و لایەنێک دیاری کردووە، کە زانیارییەک بداتە دەزگا ئەمریکییەکان و زانیارییەکە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی حەمزەی کوڕی ئوسامە بن لادن.

دوای کوژرانی بن لادن، حەمزە وەک سەرکردەیەکی باڵای قاعیدە دەرکەوت و چەند جارێکیش هەواڵی هەوڵدانی بۆ جێگرتنەوەی باوکی، بڵاو بووەتەوە.

ئوسامە بن لادن، کە خەڵکی سعودیەیە، سەرۆکی قاعیدە بوو و تۆمەتبارە بە پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەی تیرۆریستی، کە دیارترینیان بریتی بوو لە هێرشی 11ـی ئەیلوول. لە مانگی 5ـی 2011 لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزێکی تایبەتی ئەمریکی، لە شاری ئەبوەت ئادابی پاکستانی کوژرا.











باسنيوز
Top