پاکستان دەستپێشخەری بۆ ئاشتی دەکا و فڕۆکەوانە هیندییەکە ئازاد دەکات

پاکستان دەستپێشخەری بۆ ئاشتی دەکا و فڕۆکەوانە هیندییەکە ئازاد دەکات
پاکستان دەستپێشخەری بۆ ئاشتی دەکات و ئەو فڕۆکەوانە هیندییەی بە دیلی گیرابوو، ئازاد دەکات.

ئەمڕۆ شا مەحمود قڕشی، وەزیری دەرەوەی پاکستان بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەمڕۆ فڕۆکەوانە هیندییە دەستگیرکراوەکە ئازاد دەکەن و لە دەروازەی سنووریی نزیک شاری لاهور، دەینێرنەوە وڵاتەکەی.

شا ەحمەد قڕشی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئازادکردنی فڕۆکەوانە هیندییەکە بۆ ”رێگرتنە لە گەورەتربوون“ی کێشەی نێوان وڵاتەکەی و هیندستانە.

رۆژی چوارشەممە 27-2-2019، میدیا هیندییەکان بڵاویان کردەوە، کە دوو فڕۆکەی جەنگیی وڵاتەکەیان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستانەوە لە ئاسمانی هیندستان خراونەتە خوارەوە و بەهۆیەوە هەردوو فڕۆکەوانی فڕۆکەکان، گیانیان لەدەست داوە.

دوای رووداوەکە، سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی فڕۆکە جەنگییەکانیان بۆ سەر بەشی هیندستانی هەرێمی کشمیر، ژمارەیەک فڕۆکەی هیندی هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر بەشە پاکستانییەکەی هەرێمەکە، بەڵام رووبەڕوویان بوونەتەوە و لە ئاسمانی پاکستان دوو فڕۆکەی جەنگیی هیندستانیان خستووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانێکی ئەو وڵاتەیان بە دیلی گرتووە.

پێشتر لە کاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشممە 26-2-2019، 12 فڕۆکەی جەنگیی میراج 2000ی سوپای هیندستان، بۆردومانی بنکەیەکی (سوپای محەمەد)یان لە ناوچەی کشمیری پاکستان کرد و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش بەڵێنی تۆڵە کردنەوەیان دا.

سوپای محەمەدی گرووپێکی توندڕەوی کشمیرییە و هەوڵی جیاکردنەوەیکشمیر لە هیندستان و لکاندنی بە پاکستان، دەدات.










باسنيوز
Top