خاڵە کۆک و ناکۆکەکانی کۆبوونەوەی ترەمپ و کیم جۆنگ ئون ئاشکرا دەبن
ماڵپەڕی (RT)ـی رووسی بە خاڵ، ئەو باسانەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور لەسەر کۆک یان کۆک نەبوون، بڵاو کردووەتەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، کە دوو کاتژمێر بەر لە وادەی دیاریکراو تەواو بوو، کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-2-2019 (بە کاتی هەولێر) دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کە کۆبوونەوەکە بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن، کۆتایی هات.
خاڵە کۆک و ناکۆکەکانی ترەمپ و کیم جۆنگ ئون:
- ئون داوای هەڵگرتنی هەموو گەمارۆکانی ئەمریکای لەسەر وڵاتەکەی کرد.
ترەمپ ئەو داوایەی رەت کردەوە و رایگەیاند، ”ناتوانین ئەو کارە بکەین“.
- ئون ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ لەناوبردنی چەکی ناوکی نیشان دا، بەرامبەر هەڵگرتنی تەواوەتیی سزاکان لەسەر وڵاتەکەی.
ترەمپ رەتی کردەوە و رایگەیاند، ”کاتەکە بۆ ئەو بابەتە لەبار نییە“.
- ترەمپ بەڵێنی داوە ئەگەر رێککەوتنێک بکەن و کۆریای باکوور هەندێ مەرجی ئەمریکا جێبەجێ بکات، ئەوا سزاکانیان لەسەر کۆریای باکوور هەڵدەگرن.
- رێک نەکەوتن لەسەر کۆبوونەوەی سێیەم.
- رووسیا و چین رۆڵیان هەبوو لە کۆبوونەوەکە.
رۆژی چوارشەممە 27-2-2019، کۆبوونەوەی دووەمی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ لە هانۆی دەستی پێ کرد و بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممەش بەردەوام بێت.
پێشتر لە رۆژی 12-6-2018 بۆ یەکەم جار، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە سەنگافورە کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکە، بەڵێنی کیم جۆنگ ئون بوو بە داماڵینی وڵاتەکەی لە چەکی ناوکی و راگرتنی هەموو بەرنامە و تاقیکردنەوە ناوکییەکان.
لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.
باسنيوز
