نووسینگەی ڕۆحانی: هێشتا دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوەی قبووڵ نەکراوە

 نووسینگەی ڕۆحانی: هێشتا دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوەی قبووڵ نەکراوە
پاش ئەوەی شەی ڕابردوو، محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەروەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستی لە پۆستەکەی کشاندەوە، کاردانەوەی جۆراوجۆری ناوخۆیی و بیانیی لێ کەوتەوە.



پاش ئەوەی جەواد زەریف شەوی ڕابردوو لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند، هەموو میدیا فەرمییەکانی ئێران ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام هێشتا نووسینگەی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران دەڵێت، سەرکۆمار ئەو داوایەی بە فەرمی قبووڵ نەکردووە.



لەمبارەوە مەحموود واعزی، سەرۆکی نووسینگەی سەرکۆماری ئێران لە میدیاکان ئاشکرای کردووە: "ئەو هەواڵەی کە بڵاو کراوەتەوە کە گوایە حەسەن ڕۆحانی دەستە لەکارکێشانەوەی دکتۆر زەریفی قەبووڵ کردبێت، دوورە لە ڕاستییەوە".



ماڵپەڕی "ئینتخاب" پاش دەست لەکارکێشانەوەی زەریف نووسیویە: "پاش سەردانی بەشار ئەسەد، سەرکۆماری سووریا بۆ تاران و دیداری لەگەڵ خامنەیی، حەسەن ڕۆحانی و قاسم سلێمانی و بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە ئیتر محەمەدجەواد زەریف وەک وەزیری دەرەوە هیچ متمانەیەکی نێودەوڵەتیی نەماوە".



لەو دیدارانە کە دوێنێ بەشار ئەسەد لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران هەیبووە، جەواد زەریف و بەپرسانی دیکەی وەزیراتی دەرەوە ئامادە نەبوون.



کارناسان و شرۆڤەکارانی سیاسی لەو باوەڕە دان کە دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوەی ئیران لە پۆستەکەی نیشانەی کێشە و ململانێی قووڵی نێوان باڵەکانی دەسەڵاتە لە ئێراندا و لەژێر گوشاری سوپای پاسداران و باڵی توندڕەو بە سەرۆکایەتیی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆامری ئیسلامی ئێران بەرەوە ئەوە دەڕوات لە ڕێککەوتنی ناوکی بکشێتەوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکە بەرانبەر بە هەڵوێست و سیاسەتەکانی ئەمریکا.



مەحەمد جەواد زەریف کەلە ساڵی 2013ەوە وەک وەزیری دەرەوەی ئێران دەست بەکار بووە، یەک لەو کەسانە بووە کە لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا ڕۆڵی هەبووە، بەڵام لە ناوخۆی ئێران و بەتایبەت باڵی توندڕەو و سوپای پاسدارانەوە دژایەتیی زۆری دەکرا و وەک کەسێکی "میانەڕەو" لەقەڵەم دەدرا.



پۆستی وەزیری دەرەوە، هاوکات پۆستی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئێران یەک لەو پۆستانەن کە کەسانی یەکەم دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نییە و زیاتر لەژێر چاودێریی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدان و سیاسەتی درێژەخایەنی درەوە و ستراتیجیی وڵات لەلایەن خامنەییەوە بۆیان دیاری دەکرێت.



پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، ڕەخنەی زۆر ڕووبەڕووی محەمەد جەواد وەک سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران کراویەوە و ئەو ڕێککەوتنەیان وەک شکستێک لەقەڵەم دەدا.










باسنيوز
Top