عەبدولمەهدی و عێراقچی ئامادەکاریی بۆ سەردانی رۆحانی بۆ بەغدا دەکەن

عەبدولمەهدی و عێراقچی ئامادەکاریی بۆ سەردانی رۆحانی بۆ بەغدا دەکەن
سەرۆک وەزیرانی عێراق و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەکاریی بۆ سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بەغدا، دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ دووشەممە 25-2-2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی حکوومەتی عێراق و عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدای پایتەختی عێراق، کۆبوونەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی حەسەن رۆحانیی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بەغدا کراوە، کە بە مەبەستی ”پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران و پتەوکردنی هاوکاریی و هەماهەنگییە ئابووریی و بازرگانییەکان“، ئەنجامی دەدات.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، عادل عەبدولمەهدی و عەباس عێراقچی ئەم پرسانەیان تاوتوێ کردووە:


- پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان.

- کێشەی ئاو لەنێوان بەغدا و تاران.

- پرسی دیاریکردنی سنوور و پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی یەکتر.


لە کۆبوونەوەکەدا، عادل عەبدولمەهدی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بونیادنانی ناوچەیەکی پێشەسازیی هاوبەشی عێراقی- ئێرانی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، دەربڕیوە.

بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، حەسەن رۆحانی لە مانگی ئاداری 2019، سەردانی عێراق دەکات.










باسنيوز
Top